ئامانجی عێراق لە پاڵپشتیی دانانی سیستمی بەرگری لە هەرێمی کوردستان

​گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر پاراستنی کێڵگە نەوتی و گازییەکان، هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ بەهێزکردنی پێگەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراقدا، بووەتە یەکێک لە گرنگترین پێشهاتە ئەمنی و ئابوورییەکانی ئەم وڵاتە.

بەپی هەواڵی کوردپرێس، ڕاوێژ و وتوێژینەوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ جێگیرکردنی سیستمەی بەرگریی ئاسمانی لە کێڵگە نەوت و گازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەیە بۆ لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوەیەکی ئەمنی کەم وێنە لە نێوان هەردوولادا. ئامانج لەم هەنگاوە پاراستنی ژێرخانەکانی وزەیە لە بەرامبەر هێرشە درۆنییەکاندا و گەڕاندنەوەی کۆمپانیا ڕۆژاواییەکان، بەتایبەت ئەمریکییەکانە بۆ کەرتی وزەی عێراق. لەگەڵ ئەوەشدا، ناکۆکی لەسەر دەسەڵاتەکانی پێشمەرگە و هەژموونی گرووپە چەکدارەکان لە عێراقدا، هێشتا داهاتووی ئەم هاوکارییەی خستووەتە ژێر تەمومژی گومانەوە.
​دوای چەندین ساڵ لە ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر، هێرشە درۆنییە بەردەوامەکان بۆ سەر دامەزراوە نەوت و گازییەکانی هەرێمی کوردستان، هەردوولای بەرەو هاوکارییەکی ئەمنی نزیکتر بردەوە. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان وتووێژێکی چڕیان بۆ جێگیرکردنی سیستمەکانی دژەفڕین لە دەوروبەری کێڵگە نەوت و گازییەکان دەستپێکردووە؛ ئەمەش دەکرێت ببێتە وەرچەرخانێک لە پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی کوردستاندا.
​ئامانجی سەرەکی ئەم سیستمە بەرگرییانە، پاراستنی دامەزراوەکانی وزەیە لە هێرشی درۆنی و موشەکی گرووپە چەکدارەکان؛ ئەو هێرشانەی لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بەرهەمهێنانی نەوت و گازیان لە هەرێم پەکخستووە و ڕێگر بوون لە چالاکیی کۆمپانیا بیانییەکان.
​ئەم گفتوگۆیانە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی تۆماس باراک، نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا، بە مەبەستی نزیککردنەوەی بەغدا و هەولێر لە چوارچێوەیەکی هاوبەشی ئابووری و ئەمنیدا.

لە ١٨ی حوزەیراندا، شاندێکی ئەمنی لە بەغداوە سەردانی هەولێریان کرد بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی جێگیرکردنی سیستمەکانی بەرگری لە کێڵگە نەوت و گازییەکانی هەرێم. ئەم پێشهاتە لەبەر ئەوە گرنگە چونکە حکومەتی ناوەندیی عێراق لە ڕابردوودا هەستیارییەکی زۆری هەبوو بەرامبەر بە زیادبوونی توانای بەرگریی سەربەخۆی هەرێم.
​بە گوتەی شێروان دۆبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە بەغدا سیستمەکانی دژەفڕین بداتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە دەوروبەری کێڵگە نەوتییەکاندا دابمەزرێنرێن.
​بە بڕوای شرۆڤەکاران هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران و ئەو پێکدادانانەی بەدوایاندا هاتن، کە هەرێمی کوردستانیان کردە یەکێک لە مەیدانەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە عێراقییەکان و ئەمریکا، ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە گۆڕینی ڕوانگەی بەغدا. لەم ماوەیەدا، ئەو دامەزراوانەی سەر بە کۆمپانیاکانی وەک "کار گرووپ" و کۆمپانیای ئەمریکی "HKN Energy" بوون، کرانە ئامانجی هێرشە درۆنییەکان و بەرهەمهێنانی وزە لە چەند کێڵگەیەکدا ڕاگیرا.

حکوومەتی عەلی زەیدی لەو باوەڕەدایە کە بێ دابینکردنی گەرەنتی ئەمنی، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ئامادە نین بەردەوام بن لە وەبەرهێنان لە عێراقدا. هەر لەبەر ئەمەشە کە بەهێزکردنی پاراستنی کێڵگە نەوت و گازییەکان بووەتە یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی حکوومەت.
​لەەم چوارچێوەیەدا و لە ماوەی مانگی حوزەیراندا، کۆمپانیا ئەمریکییەکانی وەک "شێڤرۆن" و "هالیبێرتۆن" گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەستپێکردووە بۆ دەستپێکردنەوەی وەبەرهێنانەکانیان. هەروەها حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە کە ژمارەیەک لە کۆمپانیا نەوتییەکان دوای وەستاندنی کارەکانیان بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییانەوە، چالاکییەکانیان دەستپێکردووەتەوە.
​شارەزایان پێیان وایە ئەم پرۆسەیە لەگەڵ سیاسەتی واشنتۆندا دەگونجێت کە دەیەوێت جارێکی تر ئامادەیی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە پیشەسازیی وزەی عێراقدا زیاد بکاتەوە و هەژموونی چین و ڕووسیا لەم کەرتەدا کەم بکاتەوە.

کارۆلین ڕۆز، بەڕێوەبەری باڵای ناوەندی توێژینەوەی "سۆفان"، پێی وایە جێگیرکردنی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە هەرێم دەکرێت ئاستی پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بباتە قۆناغێکی نوێوە.
​بە گوتەی ئەو، هێرشەکانی ئەم دواییانە دەریانخست کە ژێرخانەکانی وزەی عێراق بە توندی لەبەرامبەر مەترسییەکاندا لاوازن، هەر ئەمەش وایکردووە کە هەڕەشە هاوبەشەکان حکومەتی ناوەندی و هەرێم بەرەو هاوکاری زیاتر پاڵ پێوە بنێن.
​ڤلادیمیر ڤان ویلگنبۆرگ، شیکەرەوەی کاروباری کوردستان، ئەویش پێی وایە ئەم هاوکارییە دەکرێت ڕێگە خۆش کات بۆ هەنگاوی هاوبەشی زیاتر، لەوانەش ڕاهێنانی سەربازیی هاوبەش لە نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەدا، ئەگەرچی لە قۆناغی ئێستادا زیاتر ڕۆڵی دروستکردنی متمانە دەگێڕێت.

سەرباری پێشوازیکردن لە هاوکارییە ئەمنییەکە، سەرکردەکانی هەرێم هێشتا لەسەر پاراستنی دەسەڵاتە ئەمنییەکانی خۆیان هەستیارن.
هەرێمی کوردستان لە دوای شەڕی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١وە بە کرداری لە خۆبەڕێوەبەری بەهرەمەند بووە، و دوای دەستووری ساڵی ٢٠٠٥یش هێزەکانی پێشمەرگە وەک بەشێک لە پێکهاتەی یاسایی هەرێم ناسێنران.
​لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی "قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا"، بەرپرسانی کورد جەختیان کردووەتەوە کە ئەم سیاسەتە هێزەکانی پێشمەرگە ناگرێتەوە.
​مەحموود ساڵح، توێژەر لە پەیمانگای توێژینەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، پێی وایە واشنتۆن دەبێت پشتگیری لە جێگیرکردنی سیستمەکانی دژەفڕین بکات، بەڵام نابێت ڕێگە بدات ئەم ئامێرانە ببنە ئامرازێک بۆ زیادبوونی هەژموونی بەغدا یان گرووپە عێراقییەکان لە هەرێمدا.
​ناوبراو هەروەها جەخت دەکاتەوە کە پێشمەرگە، بە پێچەوانەی هێزەکانی تری عێراق، بەپێی ماددەی ١٢١ی دەستووری عێراق خاوەنی پێگەیەکی یاسایی تایبەتە و نابێت بەرنامەکانی داماڵینی چەک بیگرێتەوە.

ئەگەرچی هاوکارییە ئەمنییەکەی ئەم دواییانە دەکرێت ڕێگە خۆش کات بۆ پەیوەندییەکی نزیکتر لە نێوان بەغدا و هەولێر، بەڵام سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە بەستراوەتەوە بە چارەسەرکردنی ناکۆکییە قووڵە سیاسییەکان. لە لایەکەوە، پاراستنی ژێرخانەکانی وزە دەکرێت متمانەی وەبەرهێنەرە بیانییەکان زیاد بکات و زەمینە بۆ گەڕانەوەی کۆمپانیا ڕۆژاواییەکان خۆش بکات؛ لە لایەکی ترەوە، بەردەوامیی هەژموونی گرووپە چەکدارە عێراقییەکان، ناکۆکی لەسەر پێگەی پێشمەرگە و ململانێ لەسەر دەسەڵاتە ئەمنییەکان، هێشتا وەک ڕێگرە سەرەکییەکانی بەردەم هێنانەدیی چوارچێوەیەکی ئەمنی بەردەوام لە نێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستاندا دەمێننەوە.
​هەر لەبەر ئەمەشە کە زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە جێگیرکردنی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی تەنها بەشێکە لە چارەسەرەکە، و گەرەنتیی ئەمنییەتی درێژخایەنی پیشەسازیی وزەی عێراق، زیاتر لە هەر شتێک بەستراوەتەوە بە کۆنترۆڵکردنی ئەو هۆکارە سیاسی و سەربازییانەی کە دەبنە هۆی ناسەقامگیری لەم وڵاتەدا.

News ID 227480

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha