کوردپرێس- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمڕۆ لە ناو جەرگەی یەکێک لە قووڵترین گۆڕانکارییە پێکهاتەییەکانی خۆیدایە لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ساردەوە. ئەو نەزمە هەرێمییەی کە لە سێ دەیەی ڕابردوودا لەسەر بنەمای باڵادەستیی ئەمریکا دروستبووبوو، بەرەبەرە جێگەی خۆی بۆ پێکهاتەیەکی ئاڵۆزتر، چەندتۆێژتر و فرە جەمسەرتر چۆڵ دەکات. لە دۆخێکی وادا، سەرجەم کاراکتەرەکانی ناوچەکە ناچارن پێداچوونەوە بە هاوکێشە ستراتیژییەکانی خۆیاندا بکەن.
بۆ کوردیش، ئیتر پرسیارە سەرەکییەکە ئەوە نییە ئایا واشنتۆن هاوپەیمانێکی جێگەی متمانەیە یان نا؛ بەڵکو ئەوەیە لە دۆخێکدا کە تەواوی پێکهاتەی دەسەڵاتی ناوچەکە لە گۆڕاندایە، چ جۆرە ستراتیژێک دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی کورد لە دەیەکانی داهاتوودا دەستەبەر بکات.
کۆتایی هاتنی قۆناغ بە قۆناغی نەزمی ئەمریکامیحوەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لە کاتی جەنگی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ەوە تا نزیکەی دەیەیەک لەمەوبەر، ئەمریکا کاراکتەری باڵادەستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. نزیکەی سەرجەم لایەنە هەرێمییەکان، لە دەوڵەتانەوە تا هێزە نادەوڵەتییەکان، ستراتیژی خۆیان لەسەر بنەمای چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ واشنتۆن ڕێکدەخست.
لە چوارچێوەی ئەم هاوکێشەیەدا بوو کە هەرێمی کوردستان توانی لەژێر چەتری ئەمنیی ئەمریکادا ببێتە یەکێک لە سەقامگیرترین ناوچەکانی عێراق، و هێزە کوردییەکانی سووریاش لە چوارچێوەی شەڕی دژ بە داعشدا بوونە شەریکی سەرەکیی واشنتۆن لە مەیدانی جەنگدا.
بەڵام لە کۆتایی دەیەی ڕابردووەوە، نیشانەکانی گۆڕانکارییەکی قۆناغ بە قۆناغ دەرکەوتن. ئەمریکا ئیتر ئەو حەز و ویستەی پێشووی نییە بۆ یاریکردن لە ڕۆڵی "پۆلیسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست". ئەولەویەتە ستراتیژییەکانی واشنتۆن گوازراونەتەوە بۆ ڕکابەری لەگەڵ چین، گەمارۆدانی ڕووسیا و پرسەکانی ناوچەی زەریای هێمن. ئەم گۆڕانکارییە بە مانای چوونە دەرەوەی تەواوەتی ئەمریکا لە ناوچەکە نییە، بەڵکو بە مانای کەمکردنەوەی پابەندییە ڕاستەوخۆکان و زیادبوونی ئارەزووی بەڕێوەبردنی ناڕاستەوخۆی قەیرانەکانە.
بۆ کورد، ئەم گۆڕانکارییە پەیامێکی ڕوونی هەیە: سەردەمی پشتبەستنی ڕەها بە چەتری ئەمنیی ئەمریکا بەرەو کۆتایی دەچێت.
کورد و پرسی جیۆپۆلەتیک
بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ئێستای کورد، دەبێت سەرنج بدرێتە ڕاستییەکی بنەڕەتی. کورد تەنها کەمینەیەکی نەتەوەیی نییە؛ بەڵکو گەلێکن کە لە ڕووی جوگرافیای ژیارییەوە خاوەن پێگەیەکی جیۆپۆلەتیکین.
لە تیۆرییە جیۆپۆلەتیکییەکاندا، بەو نەتەوانە دەوترێت "نەتەوەی جیۆپۆلەتیکی" کە پێگەی جوگرافیایان ڕۆڵێکی لەسەرووی قەبارەی دانیشتووانەکەیانەوە لە هاوکێشە هەرێمییەکاندا دروست دەکات. پێگەی جوگرافیی کوردستان لە دڵی مانگی بەپیتدا (الهلال الخصیب)، لە نێوان ئانادۆڵ، مێزۆپۆتامیا و فلاتی ئێراندا، وایکردووە کە پرسی کورد هەمیشە بە ئاسایشی ناوچەکەوە گرێ بدرێت.
لە ئەنجامدا، کورد هەمیشە دوو جۆر بەهای بۆ هێزە گەورەکان هەبووە:
١. بەهای جیۆپۆلەتیکی: وەک کاراکتەرێک کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر هاوسەنگیی دەسەڵاتی ناوچەکە هەبێت.
٢. بەهای جیۆستراتیژی: وەک هێزێک کە دەتوانێت لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، شەڕی دژ بە توندڕەوی یان دروستکردنی سەقامگیری لە ناوچە هەستیارەکاندا ڕۆڵ بگێڕێت.
بەڵام هەر ئەم گرنگییە جیۆپۆلەتیکییە، جۆرێک لە پێکان و لاوازیی درێژخایەنیشی دروستکردووە. هەر کاتێک هاوسەنگیی هێز گۆڕابێت، تێڕوانینی هێزە دەرەکییەکانیش بۆ کورد گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
بۆچی قەیرانی متمانەی نێوان کورد و ئەمریکا قووڵترە لە ناکۆکییەکی سیاسی؟
زۆرێک لە شیکارییەکان قەیرانی متمانەی نێوان بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردی و ئەمریکا تەنها بە بڕیارەکانی سەردەمی ترەمپەوە دەبەستنەوە. ئەم تێڕوانینە ئەگەرچی بەشێک لە ڕاستییەکە ڕوون دەکاتەوە، بەڵام پرسەکە قووڵترە لە سەرۆکێک یان حکومەتێک.
کێشە سەرەکییەکە لە ناهاوسەنگی و نایەکسانیی بەرژەوەندییەکاندا شاردراوەتەوە. بۆ کورد، ئاسایش و داهاتووی سیاسی پرسێکی بوونگەراییە (مان و نەمانە). بەڵام بۆ ئەمریکا، پرسی کورد تەنها یەکێکە لە دەیان دۆسیەی سیاسەتی دەرەوەی.
کاتێک لایەک لە پێوەندییەکەدا پرسەکە لە ئاستی "مانەوە"دا پێناسە دەکات و لایەکەی تر لە ئاستی "بەڕێوەبردنی بەرژەوەندییەکاندا"، بە شێوەیەکی سروشتی چاوەڕوانییەکانی هەردوولا لە هاوپەیمانێتییەکە وەک یەک نابێت.
تەواو بەم هۆکارەشە کە هەر جارێک گۆڕانکاری لە ئەولەویەتەکانی ئەمریکادا دەبێت، لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا بە "جێهێشتن و پشتێ تێکردن" لێکدەدرێتەوە، لەکاتێکدا لە تێڕوانینی واشنتۆندا ئەمە تەنها ڕێکخستنەوەیەکی ستراتیژی نوێیە.
تورکیا و پێناسەکردنەوەی هاوسەنگییە هەرێمییەکان
یەکێک لە گرنگترین گۆڕاوەکانی دەیەی داهاتوو بۆ کورد، ڕۆڵی تورکیا دەبێت.
ئانکارا چیتر تەنها هێزێکی ناوچەیی سادە نییە؛ بەڵکو هەوڵ دەدات ببێتە یەکێک لە تەلارسازەکانی نەزمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە عێراق، سووریا، قەوقاز، دەریای ناوەڕاستی ڕۆژهەڵات و تەنانەت ئەفریقاشدا ئەوە پیشان دەدات کە ئەم وڵاتە خەریکی فرەوانکردنی قووڵایی ستراتیژیی خۆیەتی.
ئەم گۆڕانکارییە بۆ کورد دوو دەرئەنجامی دژبەیەک و پێچەوانەی هەیە؛ لە لایەکەوە، گوشارە ئەمنییەکان لەسەر هێزە کوردییەکان زیاد دەکات، و لە لایەکی تریشەوە، گرنگیی جیۆپۆلەتیکیی کورد بۆ کاراکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان زیاتر دەکات. بە واتایەکی تر، هەمان ئەو هۆکارەی کە هەڕەشە دروست دەکات، دەکرێت دەرفەتیش بخوڵقێنێت.
سەردەمی هاوسەنگسازیی ژیرانە
ئەگەر دەیەکانی ڕابردوو سەردەمی گەڕان بەدوای پشتیوانێکی دەرەکیدا بووبێت، دەیەکانی داهاتوو ئەگەری زۆرە سەردەمی هاوسەنگسازی بێت. هاوسەنگسازی بە مانای تێوەگلان لە بەرەی هێزێک دژ بە هێزێکی تر نییە؛ بەڵکو بە مانای پاراستنی هاوکاتی کەناڵەکانی پێوەندییە لەگەڵ کاراکتەرە جیاوازەکاندا و ڕێگریکردن لە پشتبەستنی قۆرخکارانە بە تەنها یەکێک لەوان.
لە نەزمی نوێدا، ئەکتەری سەرکەوتوو ئەو کەسە نییە کە هاوپەیمانی زۆرتری هەبێت؛ بەڵکو ئەو ئەکتەرە سەرکەوتووە کە کەمترین پشتبەستنی بە بڕیارەکانی کەسانی تر هەبێت. ئەمە دەرسێکە کە زۆرێک لە هێزە ناوەندەکانی جیهان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا فێری بوون.
درز و کەلێنی نێوان هێزی سەربازی و هێزی سیاسی
یەکێک لە ئاستەنگە مێژووییەکانی بزووتنەوەی کورد، مەودای نێوان هێزی مەیدانی و هێزی سیاسی بووە. کورد لە قۆناغە جیاوازەکاندا توانیویەتی توانای سەربازی و ئەمنیی بەرچاو دروست بکات، بەڵام گۆڕینی ئەم توانایە بۆ دەستکەوتی سیاسیی بەردەوام هەمیشە کارێکی قورس بووە.
لە جیهانی ئەمڕۆدا، شەرعیەتی نێودەوڵەتی، دامەزراوەی کارا، گەشەپێدانی ئابووری، حوکمڕانیی باش و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی هێندەی هێزی سەربازی گرنگییان هەیە. لە ڕاستیدا، هێزی ڕەق (سەربازی) بەبێ هێزی دامەزراوەیی ناتوانێت ئاسایشی بەردەوام بەرهەم بهێنێت.
داهاتووی پرسی کورد لە نەزمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
پێدەچێت گرنگترین گۆڕانکاریی بەردەم کورد لە دەیەی داهاتوودا، گواستنەوە بێت لە دۆخی "بابەتی ململانێی هێزەکان"ەوە بۆ دۆخی "کاراکتەرێکی سەربەخۆی هەرێمی". ئەم پەڕینەوەیە ئاسان نابێت، چونکە پێویستی بە گۆڕانکاری لە زۆرێک لە مۆدێلە نەریتییەکانی سیاسەتکردنی کوردی هەیە.
بەڵام لە هەمان کاتدا، دەرفەتی بێپێشینەشی ڕەخساندووە. نەزمە کۆنەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکە دادەڕزێت و نەزمە نوێیەکە هێشتا بە تەواوی شێوەی نەگرتووە. ئەم جۆرە قۆناغانە لە مێژوودا، باشترین دەرفەت بۆ ئەو کاراکتەرانە دەڕەخسێنن کە بتوانن خۆیان لەگەڵ بارودۆخە نوێیەکەدا بگونجێنن.
سەدەی بیست و یەکەم و تاقیکردنەوەی پێگەیشتوویی جیۆپۆلەتیکیی کورد
ڕەنگە لێدوانەکانی تۆم باراک لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا لە سەردێڕی میدیاکاندا نەمێنن، بەڵام ئەو پرسیارانەی کە ئەم لێدوانانە دووبارە ڕوویان کردووەتەوە، بۆ ساڵانێکی زۆر دەمێننەوە.
کورد لە لێواری چوونە ناو قۆناغێکی نوێ لە مێژووی سیاسی خۆیدایە. قۆناغێک کە تێیدا سەرکەوتن نەک بە ڕادەی نزیکبوونەوە لە واشنتۆن، مۆسکۆ، ئانکارا، تاران یان هەر هێزێکی تر، بەڵکو بە توانای دروستکردنی هاوسەنگی، بەهێزکردنی دامەزراوە ناوخۆییەکان، زیادکردنی شەرعیەتی سیاسی و گۆڕینی سەرمایەی جیۆپۆلەتیکی بۆ هێزێکی بەردەوام دەپێورێت.
ڕەنگە گرنگترین ڕاستیی نەزمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوە بێت کە سەردەمی "حەمایەتکردن و پاراستن" بەرەو کۆتایی دەچێت و سەردەمی "بوون بە هێز" دەست پێدەکات. پرسیارە بنەڕەتییەکەی بەردەم کوردیش هەر ئەمەیە: ئایا ئەوان دەتوانن لە هاوپەیمانێکی مەیدانی بۆ هێزە گەورەکان، ببنە یەکێک لە کاراکتەرە سەربەخۆ و بڕیاردەرەکان لە هاوکێشە هەرێمییەکاندا؟ وەڵامی ئەم پرسیارە، چارەنووسی پرسی کورد لە دەیەکانی داهاتوودا دیاری دەکات.
* مەنسوور ئەولا
Your Comment