بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دیپلۆماتکارێکی سووری ڕایگەیاند کە سەفەرەکانی ئەم دواییەی مەزڵوم عەبدی (کۆبانێ)، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF)، بۆ چەند وڵاتێکی ئەورووپی، بەبێ هەماهەنگی یان وەرگرتنی مۆڵەتی پێشوەختە لە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی سووریا ئەنجام دراون.
ئەم دیپلۆماتکارە، کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، بە "سیریا نو"ی ڕاگەیاندووە کە عەبدی هیچ پۆستێکی فەرمی یان دەسەڵاتێکی یاسایی نییە بۆ ئەنجامدانی چالاکیی سیاسی و دیپلۆماتی لە لایەن حکومەتی سووریاوە، و زیادی کرد کە پێشوازیکردنی هەندێک لایەنی نێودەوڵەتی لەو، بە «پێشێلکردنی عورفە دیپلۆماتییەکان و دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی سووریا» دادەنرێت.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دەدرێن کە مەزڵووم عەبدی لە چوارچێوەی گەشتێکی ئەورووپیدا، ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی فەڕەنسا کۆ بووەوە. لەم دانیشتنەدا، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش ئامادە بوو. تەوەرەی سەرەکیی ئەم گفتوگۆیانە بریتی بووە لە پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سووریا و داهاتووی مافەکانی کورد.
هەروەها هەندێک سەرچاوە باسیان لە بەردەوامیی ئەم گەشتە دیپلۆماتییە و ئامادەبوونی مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە هۆڵەندا و بەلجیکا کردووە، ئەگەرچی زانیاریی وردی دیدارە ئەگەرییەکانی ئەوان لەم دوو وڵاتەدا هێشتا بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە.
هەڵوێستوەرگرتنی ئەم دیپلۆماتکارە سوورییە لە دۆخێکدا دەردەبڕدرێت کە سەفەرە ئەورووپییەکانی سەرکردەکانی SDF بە مەبەستی بەدەستهێنانی پاڵپشتیی وڵاتانی ئەورووپی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ دیمەشق و دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد ئەنجام دراون. لێدوانەکانی ئەم دواییەی دیمەشق دەکرێت نیشانەیەک بێت لە ناڕەزایەتیی حکوومەتی سووریا بەرامبەر بە جووڵە دیپلۆماتییە سەربەخۆکانی سەرکردەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و زیادبوونی ناكۆكییەكان لەسەر شێوازی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی تێکەڵکردنەکە.
Your Comment