هیوادارم ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران ئاسایش و خۆشگوزەرانی بهێنێتە ئاراوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی لە ناوچەکەدا هەڵگیرسابوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس» بە زمانی ئینگلیزی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند: «پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەم.»

نێچیرڤان بارزانی هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە مایەی ئاشتیی بەردەوام و وتی: «هیوادارم هەموو لایەنەکان بە نیازپاکییەوە کار بکەن بەرەو جێبەجێکردنی تەواوەتیی ڕێککەوتنەکە، بەو ئامانجەی سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا بەهێز بکات.» هەروەها پڕبەدڵ پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرجەم ئەو لایەن و کەسایەتییانە کرد کە ڕۆڵی ئەرێنییان لە ئاسانکاری و پشتگیریکردنی ئەم دەستکەوتە مێژووییەدا گێڕاوە.

ئەم پەیامەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ئەمریکا، ئێران و وڵاتانی نێوەندگیر بە فەرمی گەیشتنی واشنتن و تاران-یان بە ڕێککەوتنی کۆتایی جەنگ پشتڕاستکردەوە. بەپێی زانیارییەکان، دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان تەواو کراوە و بڕیارە ڕۆژی ١٩ی حوزەیران لە شاری جنێڤ بە شێوەیەکی فەرمی واژۆ بکرێت.

جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ئەم جەنگە لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە بە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکردبوو.

News ID 227340

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha