بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی ــ هەڵەبجە ــ ڕاپەڕین، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە کە پەیامەکەی مەسعوود بارزانی بۆ لایەنە سیاسییەکان، بانگهێشتێکە بۆ وەلانانی بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکان لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستاندا، تاوەکوو لە زووترین کاتدا پەرلەمان کارا بکرێتەوە و کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێم دابمەزرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە زۆر گرنگە لایەنە کوردستانییەکان بە وردی و بە شێوازێکی زانستییانە بارودۆخی ئێستا هەڵسەنگێنن؛ چونکە هەر ڕێککەوتنێکی نوێی نێودەوڵەتی کە دوای ئەم گرژییانەی ناوچەکە بێتە ئاراوە، ئەگەر کورد تێیدا یەکگرتوو و ئامادە نەبێت، ڕەنگە زیانێکی گەورە بە گەلی کوردستان بگەیەنێت.
عەلی حوسێن لە کۆتاییدا جەختی کردووەتەوە کە گەڕانەوەی هەموو لایەنەکان بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و کاراکردنەوەی دامەزراوە یاساییەکان، بە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی ئەژمار دەکرێت.
Your Comment