نزیکەی ٢٨٢ هەزار پەنابەری کوردی سووریا، لە هەرێمی کوردستانن

داتا نوێیەکانی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) ئاشکرای دەکەن کە هەرێمی کوردستانی عێراق، باوەشی بۆ بەشێکی هەرە زۆری پەنابەرانی ناو عێراق کردووەتەوە کە زۆرینەی ڕەهایان کوردانی ڕۆژاوای کوردستانن (سووریا).

کوردپرێس: بەپێی ئەم داتا نوێیانە، لە ئێستادا عێراق میوانداریی ٣٥٠ هەزار و ٢٣٢ پەنابەر دەکات، کە پشکی شێر و بەشە سەرەکییەکەیان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن. لەم ژمارەیە، ٢٨١ هەزار و ٦٤٦ کەس (واتە هاوتای ٨٠.٤٪ی کۆی گشتیی پەنابەران) لە سێ پارێزگاکەی هەرێم (هەولێر، دهۆک و سلێمانی) دەژین؛ بەمەش ئەم ناوچانە بوونەتە چەقی سەرەکیی نیشتەجێبوونی ئاوارە و پەنابەران لە باکووری عێراقدا.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەشێکی یەکجار زۆری ئەم دانیشتووانە لەو کوردانەی سووریا پێکدێن کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سووریا و گۆڕانکارییەکانی باکووری ئەو وڵاتەوە، پەنایان هێناوەتە بەر هەرێمی کوردستان. لە پاڵ ئەوانیشدا، ژمارەیەکی کەمتر لە کوردانی ڕۆژھەڵات (ئێران) و باکوور (تورکیا) لەم ناوچانەدا هەن، بەڵام قورسایی سەرەکیی پێکهاتەی دانیشتووانی پەنابەران هەر لە ئەستۆی کوردانی سووریا دایە، کە لەناو کەمپەکان و گەڕەک و شارەکانی هەرێمدا دابەش بوون.

لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێم، هەولێر بەرزترین ڕێژەی بەکەوتووە؛ بە شێوەیەک کە ١٤٩ هەزار و ٢١١ پەنابەر (واتە ٥٣٪ی کۆی پەنابەرانی هەرێم) لەم پارێزگایەدا دەژین. دهۆک بەبوونی ٩٢ هەزار و ٣٥٣ کەس (٣٢.٨٪) لە پلەی دووەمدا دێت، و سلێمانیش میوانداریی ٤٠ هەزار و ٨٢ پەنابەر (١٤.٢٪) دەکات.

کۆبوونەوەی ئەم ڕێژە بەرزەی پەنابەران، بەتایبەت کوردانی سووریا لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ئەم ناوچەیەی کردووەتە یەکێک لە گرنگترین مەڵبەندەکانی نیشتەجێبوونی درێژخایەنی ئاوارەکانی سووریا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ دۆخێک کە لێکەوتە و کاریگەریی کۆمەڵایەتی، ئابووری و دیموگرافیی بەرچاوی بۆ سەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە.

News ID 227326

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha