بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە نوێترین پێشهاتدا، عومەر چەلیک، وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، بە توندی هێرشی کردە سەر بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. چەلیک ڕایگەیاند کە نەتەنیاهۆ لە کاتی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران، هەوڵی داوە کوردانی عێراق و ئێران وەک "بەکرێگیراو" بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاربهێنێت، بەڵام وەک ئەو دەڵێت: "کوردەکان بە ژیرییەوە لە دیوی ڕاستی مێژووەوە وەستان و ئامادە نەبوون بچنە پاڵ ئەو تۆڕە تاوانکارە".
وتەبێژی ئاکپارتی بە توندی سەركۆنەی قسەکانی نەتەنیاهۆی کرد کە تێیدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی بە "دیکتاتۆر" ناوبردووە و تورکیای بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی کورد تۆمەتبار کردووە. چەلیک ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم تۆمەتانە تەنها "پڕوپاگەندەیەکی ڕەشە" و هیچ بنەمایەکی نییە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، چەلیک جەختی کردەوە کە نەتەنیاهۆ لە ڕێگەی غەززەوە سەلماندوویەتی کە سوپاکەی هیچ ڕەوشتێکی نییە، و ئێستاش دەیەوێت بە هەمان سیاسەتەوە لێکترازان لە نێوان پێکهاتەکانی ناوچەکە وەک کورد، عەرەب، دروز، عەلەوی و شیعەکاندا دروست بکات، بەڵام چیتر کەس باوەڕ بە درۆکانی ئەو "تۆڕە تاوانبارە" ناکات.
Your Comment