مامەڵەی ئەمریکا بە دۆسیەی کوردەوە پێش کشانەوە لە سووریا

پەیمانگای لێکۆڵینەوەی کوردی دەنووسێت: واشنتۆن پێش تەواوکردنی کشانەوەی سەربازیی ئەمریکا لە سووریا، هەوڵی دا ڕێگری لە ڕوودانی شەڕێکی گشتگیر لە نێوان دیمەشق و کورداندا بکات و دۆسیەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی سیاسییەوە دابخات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەیمانگای لێکۆڵینەوەی کوردی لە شیکارییەکی نوێدا پێداچوونەوەی بە پرۆسەی کشانەوەی پلەبەپلی ئەمریکا لە سووریا و لێکەوتەکانی بۆ سەر کورد، حکوومەتی دیمەشق و هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا کردووە و دەڵێت: واشنتۆن لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا توانی سێ کۆسپی سەرەکیی کشانەوە لە سووریا کە بریتین لە: کۆنترۆڵکردنی هەژموونی وڵاتانی بیانی، گواستنەوەی بەشێک لە بەرپرسیارێتیی شەڕی دژی داعش، و دیاریکردنی چارەنووسی داهاتووی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ناوچە کوردییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە شێوەیەکی هاوکات بەڕێوە ببات.

ئەم شیکارییە دەڵێت ئیدارەی ترەمپ لە سەرەتای خولی دووەمی سەرۆکایەتیی خۆیەوە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە پێکهاتەیەکی ناوەندی (مەرکەزی) لە دیمەشقدا، زیاتر لە مۆدێلی فرەجەمسەری یان فیدراڵی، لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەیییەکانیدا دەگونجێت. لەم چوارچێوەیەدا، تۆم باڕاک، نێردراوی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، بە ئاشکرا بیرۆکەی بوونی "هەسەدە" وەک هێزێکی سیاسی و سەربازیی سەربەخۆ یان هاوتەریب لەگەڵ حکوومەتی ئەحمەد ئەلشەرع ڕەتکردەوە و جەختی لەسەر پێویستیی تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەناو پێکهاتەی حکوومەتی ناوەندیی سووریادا کردەوە.

بەپێی نووسینی پەیمانگای لێکۆڵینەوەی کوردی، ئەم تێڕوانینە لەلایەن تورکیا و هەندێک لە وڵاتانی عەرەبییەوە پاڵپشتی لێکرا، چونکە ئەو وڵاتانە نیگەران بوون لە جێگیربوونی پێکهاتەیەکی کوردیی خۆبەڕێوەبەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل لە سەرەتادا گومانی لە کشانەوەی ئەمریکا و فراوانبوونی هەژموونی دیمەشق لە ڕۆژهەڵاتی سووریادا هەبوو، بەڵام دوای دروستبوونی لێکتێگەیشتنی ئەمنیی نوێ، دژایەتیی تەلئەبیبیش تا ئاستێکی زۆر کەم بووەوە.

ئەم شیکارییە هه‌روەها ئاماژە بە ناکۆکییە ناوخۆیییەکانی خولی یەکەمی ئیدارەی ترەمپ دەکات، کە تێیدا بەرپرسانی وەک جۆن بۆڵتۆن، جیمس ماتیس و لیندسی گراهام دژی کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا بوون لە سووریا و هۆشدارییان دەدا کە هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەکرێت ببێتە هۆی گەڕانەوەی داعش، زیادبوونی هەژموونی هەندێک وڵات و هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردان. بەڵام گۆڕانکارییەکانی ساڵانی ڕابردوو، لەوانەش ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد و پاشەکشەی هەندێک وڵات لە سووریا، بارودۆخەکەی بە قازانجی ستراتیژیی کشانەوەی ئەمریکا گۆڕی.

پەیمانگای لێکۆڵینەوەی کوردی پێیوایە واشنتۆن بۆ ڕێگریکردن لە پێکدادانی بەربڵاو لە نێوان دیمەشق و کورداندا، سیاسەتی جیاکردنەوەی نێوان "پاڵپشتیکردنی کورد" و "پاڵپشتیکردنی هەسەدە"ی گرتەبەر. لەسەر ئەم بنەمایە، ئەمریکا هاوکات لەگەڵ هاندانی هەردوولا بۆ دانوستان، هەوڵی دا پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکان و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەناو پێکهاتەی حکوومەتی سووریادا ئاسان بکات.

لەم چوارچێوەیەدا، ئەو ڕێککەوتنانەی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا کران، لەوانەش لێکتێگەیشتنەکانی تایبەت بە جێگیرکردنی هێزەکانی حکوومەتی سووریا لە دێرەزوور و ڕەقە، وەک بەشێک لەو پرۆسەیە وەسف کراون کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی تێچووەکانی ئامادەیی ئەمریکا و ئامادەکردنی زەمینە بووە بۆ کشانەوەی کۆتایی هێزەکانی ئەم وڵاتە لە سووریا.

بە بڕوای پەیمانگای لێکۆڵینەوەی کوردی، تۆم باڕاک لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە و بە کردەوە بووەتە هەماهەنگکاری سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا، تورکیا، عێراق و لوبنان. ئەم شیکارییە جەخت دەکاتەوە کە سەرکەوتنی واشنتۆن لە کشانەوە لە سووریا، تا ئاستێکی زۆر دەرەنجامی بەڕێوەبردنی هاوکاتی دۆسیە ئەمنییەکان، کوردییەکان و ناوچەیییەکان بووە لەلایەن ئەوەوە.

لە کۆتاییی ئەم شیکارییەدا هاتووە کە ڕوانینی دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە و ئەو، ئەم وڵاتە بە مەیدانێکی تێچووی زۆر و بێ ئەولەویەتی ئابووری بۆ ئەمریکا دەزانێت. لەم ڕوانگەیەوە، کشانەوەی پلەبەپلەی ئەمریکا لە سووریا وەک بەشێک لە ستراتیژیی گەورەی ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی پابەندییە ڕاستەوخۆکانی واشنتۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سپاردنی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان بە ئەکتەرە ناوچەیییەکان سەیر دەکرێت.

News ID 227286

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha