بەرنامە کوردییەکانی ڕادیۆی ئەڵمانیا ڕادەگیردرێن

تۆڕی میدیایی WDRی ئەڵمانیا، لە چوارچێوەی سیاستە نوێیەکانی خۆی لە بواری میدیادا، پەخشی بەرنامە کوردییەکانی ناسراو بە "کازمۆ" رادەگرێت. ڕەخنەگران ئەم بڕیارە بە لێدانێک لە هەمەجۆریی کولتووری لە ئەڵمانیا دەزانن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میدیای گشتیی ئەڵمانیا  (WDR) ڕایگەیاندووە کە بەشی کوردیی ڕادیۆی "کازمۆ" دوای نزیکەی چوار دەیە لە چالاکی، لە ساڵی ٢٠٢٧دا دادەخات؛ ئەم بڕیارەش کاردانەوەی بەربڵاوی چالاکوانان، ڕۆژنامەنووسان و سیاستەمەدارانی کوردی لە ئەڵمانیا لێکەوتووەتەوە.

بەپێی پلانی نوێی WDR بۆ پێداچوونەوە بە پێکهاتەی ڕادیۆکانی تایبەت بە گەنجان، بەرنامە کوردی، ئیتاڵی و سربی/بۆسنی/کرواتییەکان لە خشتەی پەخش لادەبرێن. لە بەرامبەردا، بڕیارە بەشی تورکیی ئەم تۆڕە لە چوارچێوەی دیجیتاڵیدا گەشەی پێبدرێت و بەشەکانی فارسی و عەرەبیی "WDR for you"یش بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان.

بەڕێوبەرایەتیی WDR هۆکاری ئەم گۆڕانکارییانەی بۆ گۆڕانی شێوازی بەکارهێنانی میدیا لەلایەن نەوەی نوێوە گەڕاندووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە نەوانە گەنجەکانی خاوەن پاشخانی کۆچبەری، زیاتر لە ڕابردوو ڕوویان لە میدیا ئەڵمانییەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سەکۆکانی پەخشی ئۆنلاین کردووە و ڕادیۆی نەریتی چیتر پێگەی پێشووی نەماوە. ئەم میدیایە هه‌روەها ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرنجی نوێیان لەسەر بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی ئەڵمانی، کولتووری شارنشینی و سەرنجڕاکێشانی ئەو بینەر و بیسەرانە دەبێت کە تەمەنیان لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٩ ساڵیدایە.

لەلایەکی دیکەوە، کارمەندان و لایەنگرانی بەشی کوردیی "کازمۆ" دەڵێن داخستنی ئەم بەشە تەنیا بڕیارێکی میدیایی نییە، بەڵکوو بە واتای سڕینەوەی یەکێک لە کەمترین تریبۆنە گشتییەکانی زمان و ناسنامەی کوردییە لە ئەڵمانیا.

تیمی کوردیی "کازمۆ" لە نامەیەکدا بۆ بەردەنگان و دامەزراوە کوردییەکانی ئەڵمانیا، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە نزیکەی یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کورد لە ئەڵمانیا دەژین، بەڵام لە ئامارە فەرمییەکان و زۆربەی مشتومڕە گشتییەکاندا، زۆرجار لەژێر ناوی گشتیی "تورکەکان"دا پۆلێن دەکرێن.

لەو نامەیەدا هاتووە کە بەرنامە کوردییەکان تەنیا بۆ ئەو کۆچبەرانە بەرهەم نەدەهێنران کە زمانی ئەڵمانی نازانن، بەڵکوو ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە پاراستنی زمانی دایک، ناسنامەی کولتووری و بەهێزکردنی هەستی ئینتیمای کۆمەڵایەتی لە نێوان کۆمەڵگەی کوردیدا.

جەلیل کایا، یەکێک لە هاوکارە دێرینەکانی بەشی کوردیی "کازمۆ"، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای "ئامارگی" ڕایگەیاندووە کە پاساوەکەی WDR سەبارەت بە کەمبوونەوەی بیسەران، ڕاستی چەندین ساڵ پشتگوێخستن و کەمکردنەوەی بودجەی ئەم بەشە فەرامۆش دەکات. بە وتەی ئەو، بەشەکانی زمانی بیانی هەمیشە لەگەڵ سنووردارکردنی دارایی ڕووبەڕوو بوونەتەوە و هەرکاتێک پێکهاتەی WDR گۆڕانکاری بەسەردا هاتبێت، بودجەی ئەم بەشانەش کەمکراوەتەوە.

ئەو هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە لە ماوەی نزیکەی ٤٠ ساڵ چالاکیی بەشی کوردیدا، بەڕێوەبردنی ئەم بەشە هیچ کاتێک بە ڕۆژنامەنووسان یان بەڕێوەبەرانی کورد نەسپێردراوە. بە وتەی کایا، بەرپرسیارێتی بەرنامە کوردییەکان سەرەتا لەژێر دەستی سەرنووسەرانی بەشە ئەڵمانییەکان و دواتریش بەڕێوەبەرانی بەشی تورکیدا بووە.

کایا ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو کەسانەی بەرپرسی بەرنامەکە بوون، خۆیان زمانی کوردییان نەدەزانی و ئێمە ناچار بووین تەواوی دەقەکان هەم بە کوردی و هەم بە ئەڵمانی ئامادە بکەین."

ئەو هەروەها بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە دەیەی ١٩٩٠دا، ئەو بودجەیەی بۆ وەرگێڕانی ناوخۆیی بەرنامە کوردییەکان تەرخان دەکرا، کەم تا زۆر یەکسان بوو بە تەواوی بودجەی بەشی کوردی، ئەمەش نیشانەی نەبوونی متمانەی دامەزراوەیی بوو بەم بەشە.

ڕەخنەگران دەڵێن بەشی کوردی هەمیشە "بەشە فەرامۆشکراوەکە"ی WDR بووە و بەپێچەوانەی هەندێک لە بەشە زمانەوانییەکانی دیکەوە، پاڵپشتی دارایی و کولتووریی پێویستی لێ نەکراوە.

بێریڤان ئایماز، سیاسەتمەداری کورد و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ویلایەتی ڕاین-وێستفالیای باکوور، ڕەخنە لە بڕیارەکەی WDR دەگرێت و دەڵێت: "لە سەردەمێکدا کە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان و نەتەوەپەرستەکان کۆمەڵگە فرەچەشنەکەمان و دیموکراسییان کردووەتە ئامانج، ئێمە پێویستمان بە کازمۆی زیاترە، نەک ئەوەی دانەیەکیش بسڕینەوە."

News ID 227281

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha