بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرباری بوونی چەند نوێنەرێکی کوردی فەیلی لە پەرلەمانی نوێی عێراقدا، چاودێران لەو بڕوایەدان کە ئەم پێکهاتەیە هێشتا نەیانتوانیوە بگەنە نوێنەرایەتییەکی سیاسیی سەربەخۆ و کاریگەر لە پێکهاتەی دەسەڵاتی عێراقدا؛ دۆخێک کە ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەندین دەیە سەرکوتکاری، پەشۆکاوی و پەرتبوونی سیاسی، لەگەڵ ململانێی حزبە گەورە شیعە و کوردییەکان لەسەر هەژموون و دەسەڵات بەسەر دۆسیەی فەیلییەکانەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی "ئەمواج میدیا"، هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵی ٢٠٢٥ی عێراق، سەرکەوتنێکی گرنگ بوو بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان؛ حزبێک کە بۆ یەکەمجار توانیی زیاتر لە ملیۆنێک دەنگ کۆبکاتەوە. بەشێک لەم سەرکەوتنەش هاوکات بوو لەگەڵ بردنەوەی "حەیدەر عەلی الفەیلی"، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە تاکە کورسیی کۆتای تایبەت بە کوردی فەیلی لە پەرلەمانی عێراقدا، کە ململانێیەکی توند لەسەر بەدەستهێنانی ئەو کورسییە هەبوو.
دواتر لە مانگەکانی ڕابردوودا، چەند تۆمەتێک داڕژان کە گوایە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێگەی ئاڕاستەکردنی بەشێک لە لایەنگران و کادیرانی سوننەمەزهەبی خۆیەوە بۆ دەنگدان بە کاندیدە فەیلییەکە، کاریگەریی لەسەر ئەنجامی ئەو کورسییە دروستکردووە. ئەم تۆمەتانە لە کاتێکدا دەخرێنە ڕوو کە ڕەخنەگران دەڵێن حزبە نەریتی و بەهێزەکانی عێراق لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەدا، هەژموونی خۆیان بەسەر سیاسەتی کەمینەکاندا زیاتر لە ڕابردوو فراوانتر کردووە.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق، سەرجەم دەنگدەرانی شیاو دەتوانن دەنگ بە کورسیی کۆتای کەمینەکان بدەن؛ بابەتێک کە هەمیشە بووەتە جێی ڕەخنەی گروپە کەمینەکان، چونکە پێیان وایە ئەم میکانیزمە لە کرداریاندا دەرفەتی کۆنترۆڵکردنی ئەم کورسییانە لەلایەن حزبە گەورەکانەوە دەڕەخسێنێت. لە کۆی ٩ کورسیی کۆتای کەمینەکان لە پەرلەمانی ٣٢٩ کورسیییەکەی عێراقدا، هەشت کورسییان بۆ ئەو کاندیدانە بوو کە نزیکن لە حزبە سەرەکییە شیعە، سوننە یان کوردییەکانەوە.
حەیدەر عەلی الفەیلی دوای چوونە ناو پەرلەمان ڕایگەیاند کە کار بۆ بەدیهێنانی "مافە مێژووییەکان" و بەدواداچوون بۆ داواکارییە دێرینەکانی کوردی فەیلی دەکات، بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن لەو شوێنانەی کە بەرژەوەندییەکانی هەولێر و داواکارییەکانی کۆمەڵگەی فەیلی تووشی دژبەیەک دەبن، دڵسۆزیی ئەو بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێشینەدا دەبێت.
لەپاڵ ئەودا، چەند نوێنەرێکی دیکە بە پاشخانی فەیلییەوە لە ڕێگەی هاوپەیمانییە شیعەکان، سوننەکان یان بە شێوازی سەربەخۆ چوونەتە ناو پەرلەمان، بەڵام شرۆڤەکاران هۆشداری دەدەن کە پەشۆکاوی و پەرتبوونی سیاسیی نوێنەرانی فەیلی دەکرێت هەوڵی بەکۆمەڵی ئەم پێکهاتەیە بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانیان لاواز بکات.
کوردانی فەیلی کە زیاتر لەسەر مەزهەبی شیعەن، هەمیشە لە ناوچەکانی هەردوو بەری زنجیرەچیاکانی زاگرۆس لەسەر سنوورەکانی عێراق و ئێران ژیاون. دەستووری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥دا ئەم پێکهاتەیەی وەک کەمینەیەکی نەتەوەیی سەربەخۆ بە فەرمی ناساند. جیاوازیی مەزهەبی و کولتوورییان لەگەڵ زۆرینەی کوردانی سوننەمەزهەبی عێراق، هەمیشە پێگەیەکی سیاسیی تایبەتی بەم کۆمەڵگەیە بەخشیوە.
سەرباری ئەمەش، کوردی فەیلی لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا نەیانتوانیوە ڕەوتێکی سیاسیی یەکگرتوو و سەربەخۆ دروست بکەن. ئەم دۆخەش تا ڕادەیەکی زۆر دەرئەنجامی چەندین دەیە سەرکوتکاری و جیاکاری بووە لە سەردەمی دەسەڵاتی حزبی بەعس و سەدام حسێندا.
دوای هاتنەسەرکاری حزبی بەعس لە ساڵی ١٩٦٨دا، حکوومەتی عێراق ئامادەیی بەربڵاوی کوردی فەیلی لە ڕەوتە چەپەکان، شیوعی و چاکسازیخوازەکاندا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر پڕۆژە سیاسییەکەی خۆی دەبینی. لە دەیەی ١٩٨٠ و لە سەردەمی حزبی بەعسدا، گوشارەکان دژی ئەم پێکهاتەیە گەیشتنە لوتکە. حکوومەتی بەعس، کوردی فەیلی بەهۆی پەیوەندییان لەگەڵ ئێراندا وەک کەسانێک کە "ڕەچەڵەکی دەرەکییان" هەیە دەناساند و تۆمەتباری دەکردن بە "نەبوونی دڵسۆزی بۆ نیشتمان".
لە دەرئەنجامی ئەم سیاسەتانەدا، لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ هەزار کوردی فەیلی لە مافی هاووڵاتیبوونی عێراق بێبەش کران و بۆ ئێران ڕاوەدوو نران. هەروەها لانی کەم ٢٢ هەزار گەنج و پیاوی فەیلی بێسەروشوێن یان لەسێدارە دران، کە دەوترێت لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژراون.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣دا، نزیکەی ١٠٠ هەزار کوردی فەیلی کە زۆربەیان بێ ناسنامە و ڕەگەزنامە بوون، لە ئێران و وڵاتانی دیکەوە بۆ عێراق گەڕانەوە. لەو کاتەدا، ئومێد دەکرا کە حکوومەتی نوێی عێراق و حزبە شیعە و کوردییەکان کە خۆشیان قوربانیی سەرکوتی بەعس بوون، بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و گەڕاندنەوەی مافەکانی ئەم پێکهاتەیە هەنگاو بنێن.
بەڵام بە گوتەی چاودێران، پرۆسەی دادپەروەریی گواستنەوە لە عێراقدا لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بەتوندی سیاسی کراوە و پەرتەوازە بووە. حزبە شیعە و کوردییەکان هەر لایەنەو هەوڵیان داوە ئازار و قوربانیانی کوردی فەیلی بۆ چەسپاندنی پێگەی سیاسی و ناسنامەی خۆیان بەکاربهێنن.
"لوقمان فەیلی"، نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە لێدوانێکدا بۆ (ئەمواج میدیا) ڕایگەیاندووە کە یەکێک لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی کوردی فەیلی لە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی سیاسی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، بوونی کەرتوبوون و لێکترازانی ناوخۆیی ئەم پێکهاتەیە بووە. بە گوتەی ئەو، سەرکردەکانی فەیلی لە نێوان ناسنامەی کوردی و شیعی خۆیاندا تووشی جۆرێک لە "دژبەیەکبوونی سیاسی" بوونەتەوه.
هاوکات، حزبە گەورە شیعە و کوردییەکان چەندین جار یەکتریان بە قۆستنەوەی سیاسی لە دۆسیەی کوردی فەیلیدا تۆمەتبار کردووە. زۆربەی داواکارییەکانی ئەم پێکهاتەیە، لەوانەش قەرەبووکردنەوە، گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی دەستبەسەرداگیراو و چارەسەرکردنی کێشەی ڕەگەزنامە، لە کرداریاندا بوونەتە بەشێک لە ناکۆکییە فراوانەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر بودجە، سنوورەکان و دەسەڵاتە سیاسییەکان.
لە ساڵی ٢٠١٠دا، حکوومەتی عێراق کۆمەڵکوژی و سەرکوتکردنی کوردی فەیلی لە سەردەمی بەعسدا بە "جینۆساید" ناساند، بەڵام میکانیزمی قەرەبووکردنەوە و گەڕاندنەوەی مافی قوربانیان هێشتا بە ناچالاکی و سیاسیی ماوەتەوە.
لە ساڵی ٢٠١٩دا، کورسییەکی کۆتای تایبەت بۆ کوردی فەیلی لە پارێزگای واسیت دیاری کرا بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی بۆشایی نوێنەرایەتی ئەم پێکهاتەیە، بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵی ٢٠٢١ و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ٢٠٢٣دا، ئەم کورسییە لە کرداریاندا کەوتە دەست ئەو گروپانەی کە لە "چوارچێوەی هەماهەنگی"ی شیعەکانەوە نزیکن.
هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن لە ساڵی ٢٠٢٥ و گۆڕینی ئەم کورسییە بۆ کۆتایەک بە دەنگدانی سەرتاسەری، لەلایەن هەندێک لە چالاکوانانی فەیلییەوە وەک هەنگاوێکی ئەرێنی هەناردا، بەڵام نەیارانیان هۆشدارییان دا کە ئەم گۆڕانکارییە دەکرێت ڕێگە خۆش بکات بۆ دەستێوەردانی فراوانتری حزبە گەورەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا.
هاوکات، چەند ڕەوت و قەوارەیەکی سیاسیی نوێی فەیلی بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێکهاتن کە ئامانجی خۆیان دوورکەوتنەوە لە سیستمی نەریتیی پاشکۆیەتیی سیاسی ڕاگەیاندبوو، بەڵام لە کۆتاییدا سەرکوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان نیشانی دا کە ململانێ لەسەر نوێنەرایەتیی کوردی فەیلی هێشتا لە چوارچێوەی کێبڕکێی حزبە سەرەکییەکانی عێراقدا ماوەتەوە.
"جومان ئەمیر"، مێژوونووسی عێراقی، پێی وایە حزبە گەورە کوردییەکان کورسیی کۆتای فەیلییەکان وەک بەشێک لە هەژموونی ستراتیژیی خۆیان لە بەغدا دەبینن. ئەو جەخت دەکاتەوە کە ئەو نوێنەرانەی سەر بە حزبە گەورەکانن، بە قورسی دەتوانن ناسنامەیەکی سیاسیی سەربەخۆ بۆ کوردی فەیلی دروست بکەن.
بە گوتەی ئەم توێژەرە، کێشەکانی کوردی فەیلی تەنها لە پرسی ڕەگەزنامە و قەرەبووکردنەوەدا قەتیس نابن، بەڵکو ئەم پێکهاتەیە لە ئامادەیی لە دامەزراوە سەرەکییەکانی حکوومەتی عێراقدا، لەوانەش دەزگا ئەمنییەکان و پێکهاتەی بیرۆکراسی دەوڵەت، بێبەش کراون. هەروەها گۆشەگیریی ئابووری و سنوورداربوونی دەرفەتی کار لە وەزارەتە سەرەکییەکاندا، ڕێڕەوی پێشکەوتنی نەوەی نوێی فەیلی قورس کردووە.
هەندێک لە نوێنەرانی فەیلی پێشنیاریان کردووە کە بۆ کەمکردنەوەی پەرتبوونی سیاسی، نوێنەرانی ئەم پێکهاتەیە لە پەرلەماندا کوتلەیەکی هاوبەش لە دەرەوەی وابەستەیی حزبی پێکبهێنن، تا بتوانن لە دۆسیەکانی وەک ڕەگەزنامە، مافی کۆچبەران، قەرەبووکردنەوە و پرسەکانی مافی مرۆڤدا بە هەماهەنگییەکی زیاترەوە کار بکەن.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، شرۆڤەکاران لەو بڕوایەدان کە بەبێ ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێز لەسەر ئاستی حکوومەتی عێراق، هیچ نوێنەرێک — تەنانەت ئەگەر نیازپاکییشی هەبێت — بە تەنیا ناتوانێت کێشە مێژوویی و پێکهاتەییەکانی کوردی فەیلی چارەسەر بکات.
Your Comment