بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرەڕای زیادبوونی هەڕەشە ئەمنییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا و جەختکردنەوەی بەردەوامی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەسەر پێویستیی پاراستنی ژێرخانە حەیاتییەکان، هەولێر هێشتا لە دەستڕاگەیشتن بە سیستەمە سەربەخۆکانی بەرگریی ئاسمانی بێبەشە. لەکاتێکدا پێشهاتەکانی ئەم دواییانەی پەیوەست بە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، جارێکی دیکە ئەم بۆشاییە ئەمنییەی دەرخستەوە، بەڵام کێشەی سەرەکیی هەرێم لە نەبوونی ئەم چەکانەدا، بۆ ڕێگرە سیاسی و یاساییە ئاڵۆزەکان دەگەڕێتەوە کە ڕێگەی دەستڕاگەیشتن بە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی داخستووە.
ڕاپۆرتی تازەی پشکنەری گشتیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەربارەی ئۆپەراسیۆنی «عەزمی نەبەز» جارێکی دیکە لاوازیی پێکهاتەیی هەرێمی کوردستانی لە بواری بەرگریی ئاسمانیدا زەق کردووەتەوە. ئەم ڕاپۆرتە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێزەکانی پێشمەرگە توانای پێویستیان نییە بۆ داپۆشینی ئاسمانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، و ژێرخانە حەیاتییەکان، دامەزراوەکانی وزە و ناوەندە هەستیارەکان هێشتا لە بەردەم هێرشە مووشەکی و درۆنییەکاندا بە لاوازی ماونەتەوە.
بەڵام کێشەی سەرەکی تەنها کەمیی کەرەستە نییە؛ هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین سنووری یاسایی و سیاسی بووەتەوە کە ڕێگری دەکەن لە دەستڕاگەیشتنی هەرێم بە سیستەمەکانی بەرگری.
یەکەمین ڕێگر، پێگەی یاسایی هەرێمە لە پێکهاتەی عێراقدا. وەک چۆن لە ڕاپۆرتەکەی پۆڵ ئیدۆن لە گۆڤاری فۆربسی ئەمریکیدا ئاماژەی پێکراوە: «لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان وڵاتێکی سەربەخۆ نییە، ناتوانێت بێ مۆڵەتی بەغدا هیچ جۆرە کەرەستەیەکی سەربازیی پێشکەوتوو، تەنانەت سیستەمە تەنها بەرگرییەکانیش، بکڕێت یان وەریبگرێت.»
ئەم سنووردارکردنە بووەتە هۆی ئەوەی کە هەولێر، بە پێچەوانەی زۆربەی ئەکتەرە ناوچەییەکان، نەتوانێت ڕاستەوخۆ بۆ دابینکردنی پێداویستییە بەرگرییەکانی خۆی بچێتە ناو دانوستان یان گرێبەستی چەکدارییەوە و هەر بڕیارێک لەم بوارەدا بە ڕەزامەندیی حکوومەتی ناوەندیی عێراقەوە بەستراوەتەوە.
لە هەمان کاتدا، ئەگەرچی یاسای بوودجەی بەرگریی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٤دا زەمینەی مەشقپێکردن و پڕچەککردنی هێزەکانی عێراق و پێشمەرگەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە مووشەکی و درۆنییەکان ڕەخساندبوو، بەڵام تا ئێستا هیچ سیستەمێکی ناسراوی بەرگریی ئاسمانی ڕادەستی هێزەکانی پێشمەرگە نەکراوە.
زۆربەی چاودێران هۆکاری ئەم دۆخە بۆ دژایەتی و ڕێگریی ڕەوتە سیاسییەکانی بەغدا دەگەڕێننەوە؛ ئەو ڕەوتانەی کە پێشوازی لە بەهێزبوونی توانای سەربازیی هەرێم ناکەن و لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار ڕێگەیان گرتووە لە پێشخستنی پڕۆژە ئەمنییە پێویستەکانی هەولێر.
هۆکارێکی دیکە، ناڕوونییە دەربارەی داهاتووی ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە هەرێم. سیستەمە بەرگرییە جێگیرکراوەکانی ناو هەولێر لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە پاراستنی دامەزراوەکانی هاوپەیمانان و تا ڕادەیەکیش لە ئاسمانی شارەکەدا، بەڵام بەرنامەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان تا ئەیلوولی ٢٠٢٦ ئەم پرسەی هێناوەتە ئاراوە کە دوای کشانەوەی ئەگەریی ئەمریکا، چ لایەنێک بەرپرسیار دەبێت لە پاراستنی ئاسمانی هەرێم.
لەم نێوەندەشدا، ئومێدێکی ئەوتۆ بە پاڵپشتیی بەغدا نییە. ئیدۆن لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕوونی دەکاتەوە: «هەرێمی کوردستان بێگومان ناتوانێت پشت بە حکوومەتی ناوەندی ببەستێت بۆ دابینکردنی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی دوای کشانەوەی هاوپەیمانان.»
ئەم هەڵسەنگاندنە لە دۆخێکدا دەکرێت کە بەغدا لە ساڵانی ڕابردوودا ڕێڕوێکی سەربەخۆی گرتووەتەبەر بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری خۆی و گرێبەستی لەگەڵ کوریای باشوور و تورکیا واژۆ کردووە بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری. سەرەڕای ئەمەش، هیچ نیشانەیەک لە بەرنامەی حکوومەتی ناوەندیدا نابینرێت بۆ جێگیرکردنی ئەم سیستەمانە لە هەرێم یان ڕادەستکردنی بەشێکیان بە هێزەکانی پێشمەرگە.
ئەم دۆخە بەتایبەت دەربارەی پاراستنی ژێرخانەکانی وزەی هەرێم گرنگییەکی زیاتر بەدەست دەهێنێت. کێڵگەی گازی کۆرمۆر و تۆڕی کارەبای هەرێم نەک تەنها بۆ دانیشتووانی ناوچەکە، بەڵکو بۆ بەشێک لە پێداویستییەکانی وزەی عێراقیش گرنگیی ستراتیژییان هەیە. سەرەڕای ئەمەش، پڕۆژە پێشنیارکراوەکان بۆ دروستکردنی سیستەمێکی بەرگریی هاوبەش لە نێوان بەغدا و هەولێر تا ئێستا نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە دەرئەنجامدا، هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ ڕووبەڕووی پارادۆکسێکی ئەمنی بووەتەوە؛ لە لایەکەوە بەهۆی پێگە یاساییەکەیەوە توانای دابینکردنی سەربەخۆی سیستەمەکانی بەرگریی نییە، و لە لایەکی دیکەشەوە، هیچ گەرەنتییەک نییە کە حکوومەتی ناوەندیی عێراق یان هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی لە داهاتوودا ئەم بۆشاییە پڕ بکەنەوە. بەم هۆیەشەوە، پرسی بەرگریی ئاسمانی وەک یەکێک لە گرنگترین ئالۆنگارییە ئەمنی و ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە.
Your Comment