گرنگیی ستراتیژیی گەڕانەوەی کورد بۆ عەفرین

سەردانی ئیلهام ئەحمەد بۆ عەفرین دوای ۹ ساڵ، هاوکات لەگەڵ گەڕانەوەی بەربڵاوی کوردە ئاوارەکان بۆ ئەم ناوچەیە، جارێکی دیکە گرنگیی ستراتیژیی عەفرینی لە هاوکێشەکانی سووریادا زەق کردووەتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، چاودێران پێیان وایە بووژانەوەی ڕێژەی دانیشتووانی کورد لەم ناوچەیەدا کە لە نزیک دەریای ناوەڕاست هەڵکەوتووە، دەکرێت لە گەڕانەوەیەکی مرۆیی زیاتر بێت و کاریگەری لەسەر هاوسەنگییە سیاسییەکان، دانوستانەکانی داهاتوو لەگەڵ دیمەشق و پێگەی کورد لە سووریای پاش شەڕدا هەبێت.

بە گوتەی "نەشناڵ کانتێکست"، گەڕانەوەی بەرەبەرەی کوردانی سووریا بۆ عەفرین تەنها بە واتای گەڕانەوەی هەزاران ئاوارە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان نییە، بەڵکوو دەکرێت لێکەوتە سیاسی و ژیۆپۆلەتیکییە گرنگەکانی بۆ داهاتووی سووریا هەبێت. سەردانی ئەم دواییەی ئیلهام ئەحمەد بۆ زێدی خۆی لە عەفرین، بۆ یەکەمجار لە دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا لە ساڵی ۲۰۱۸دا، وەک هێمایەک بۆ ئەم گۆڕانکارییە دەبینرێت.

عەفرین لە ڕووی پێکهاتەی دانیشتووانەوە، بە یەکێک لە یەکگرتووترین ناوچە کوردنشینەکانی سووریا دادەنرێت. بەپێچەوانەی ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات کە لەسەر ڕووبەرێکی بەربڵاو و بە پێکهاتەیەکی نەتەوەیی جۆراوجۆرەوە بڵاوبوونەتەوە، عەفرین چەقێکی مێژوویی و تا ڕادەیەک یەکپارچەی کوردییە لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا. گرنگیی ئەم ناوچەیە تەنها لە ناسنامەی نەتەوەییەکەیدا قەتیس نابێت؛ پێگەی جوگرافیی عەفرین لە نزیک کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست، کردوویەتی بە خاڵێکی ستراتیژی لە هاوکێشە هەرێمییەکاندا.

ژمارەیەک زۆر لە چاودێران پێیان وایە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا لە ساڵی ۲۰۱۸دا تەنها بە ئامانجی ئەمنی و ڕووبەڕوبوونەوەی هێزە کوردییەکان ئەنجام نەدرا، بەڵکوو هەوڵێک بوو بۆ ڕێگریکردن لە جێگیربوونی هەر جۆرە هەبوونی سیاسی و جوگرافیی کورد لە نزیک دەریای ناوەڕاست. لەم ڕوانگەیەوە، کۆنترۆڵکردنی عەفرین بە واتای داخرانی یەکێک لە گرنگترین دەرفەتە جیۆپۆلەتیکییەکانی کوردانی سووریا لێکدەدرایەوە.

تەنانەت بەم شێوەیەش، ڕەوتی گەڕانەوەی دانیشتووانە ڕەسەنەکەی ناوچەکە پیشانی دەدات کە ئەم هاوکێشەیە بە تەواوی دانەخراوە. دوای کۆنترۆڵکردنی عەفرین، پێکهاتەی دانیشتووانی ناوچەکە بە توندی گۆڕانی بەسەردا هات و بەپێی هەندێک خەمڵاندن، پشکی کورد لە زۆرینەی ڕەهاوە بۆ نزیکەی ۳۵% دابەزی. بەڵام ڕاپۆرت و هەڵسەنگاندنە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێستا کورد جارێکی دیکە ۷۰% بۆ ۸۰%ی دانیشتووانی عەفرین پێکدەهێنێت و پێشبینی دەکرێت ئەم ڕێژەیە لەگەڵ بەردەوامیی گەڕانەوەی ئاوارەکاندا زیاتریش ببێت.

ئەم وەرچەرخانە لەبەر ئەوە گرنگە چوونکە کۆنترۆڵی سەربازی و واقیعی دانیشتووان هەمیشە وەک یەک نین. لە زۆرێک لە ئەزموونە مێژووییەکاندا، گۆڕانکارییە دانیشتووانییەکان لە درێژخایەندا توانیویانە کاریگەری لەسەر ڕێکخستنە سیاسی و ئەمنییەکان دابنێن. لەبەر ئەم هۆکارە، بوونی زۆرینەیەکی کوردی لە عەفرین—تەنانەت لە دۆخێکدا کە ناوچەکە هێشتا لەژێر هەژموونی هێزەکانی سەر بە تورکیا و حکوومەتی سووریادایە—دەکرێت لە داهاتوودا ببێتە هۆکارێکی یەکلاکەرەوە لە دانوستانەکانی تایبەت بە پێکهاتەی سیاسیی سووریا، مافەکانی کورد و پێگەی ناوچە کوردنشینەکان.

لە سەر ئاستی نیشتمانیشدا، گەڕانەوەی کورد بۆ عەفرین دەکرێت پێگەی سیاسیی هێزە کوردییەکان لە گفتوگۆکانی ئێستایاندا لەگەڵ دیمەشق بەهێزتر بکات. عەفرینێک کە جارێکی دیکە ناسنامەی دانیشتووانە کوردییەکەی خۆی بەدەست هێنابێتەوە، نەک هەر هێمای گەڕانەوەی ئاوارەکان و بەدیهاتنی مافی خاوەندارێتییە، بەڵکوو وەک واقیعێکی سیاسیی نوێ، کێشی کورد لە هاوکێشەکانی داهاتووی سووریادا زیاتر دەکات.

لەبەر ئەوە، گرنگیی گەڕانەوە بۆ عەفرین لە بابەتێکی مرۆیی یان ناوخۆیی تێدەپەڕێت؛ ئەم ڕەوتە دەکرێت بەشێک بێت لە ململانێ لەسەر شێوازی داهاتووی دەسەڵات، سنووری هەژموونی ئەکتەرە هەرێمییەکان و پێگەی کورد لە سووریای پاش شەڕدا.

News ID 227242

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha