بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا

هێزێکی تایبەت بە هاوکاری دەستەی دەستپاکی، عەدنان جومەیلی بریکاری وەزیری نەوت و بەڕێوەبەری پاڵاوگەی بێجییان لە پارێزگای سەلاحەدین دەستگیرکرد. ئەمەش وەک یەکەم هەنگاوی جددیی حکوومەتە نوێیەکەی عێراق بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی لە کەرتی وزەدا دەبینرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاپۆرتێکی کەناڵی "سۆمەرییە"دا هاتووە: عەدنان محەمەد حەمود ناسراو بە (عەدنان جومەیلی)، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور و پاڵاوگەی بێجی، بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەکانی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی دەستگیرکراوە.

پرۆسەی دەستگیرکردنەکە لە ناوچەی (ئیسحاقی) سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، لەلایەن هێزێکی تایبەت و بە هاوکاری تیمی دەستەی دەستپاکی و فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگاکە جێبەجێ کراوە؛ دواتریش سەرجەم مەلەفەکانی ڕەوانەی ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ کراون.

لەلایەکی دیکەوە، مستەفا سەند، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق هەواڵی دەستگیرکردنەکەی پشتڕاستکردەوە و جومەیلی وەک "حوتی نەوت" و "دابینەری سەرەکیی پارە بۆ حزبەکان" ناوبرد. سەند ئاشکرایشی کرد کە ئەم بەرپرسە پێشتر چیرۆکێکی ساختەی بە ناوی "تەقاندنەوەی پاڵاوگەی بێجی بە درۆن" داڕشتووە، تەنها بۆ ئەوەی کارە نایاساییەکانی خۆی پێ داپۆشێت.

ئەم دەستگیرکردنە تەنها چەند کاتژمێرێک دوای فەرمانێکی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق دێت، کە بڕیاری کاراکردنەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی حکوومەتی پێشووی دابوو. چاودێران پێیان وایە کەوتنی ئەم بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی نەوت، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ جددیبوونی کابینەکەی زەیدی لە سزادانی ئەو کەسانەی سامانی گشتی لە کەرتی وزەدا بەهەدەر دەدەن.

News ID 227241

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha