کوردپرێس: بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (عەنەب بەلەدی)، لە بەردەوامیی پرۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ پێکهاتەی حکوومەتی ناوەندیدا، بەرپرسێکی پەروەردە لە حەسەکە ڕایگەیاند کە بەم زووانە نزیکەی ١٩ هەزار و ٤٠٠ مامۆستای ناوچە کوردییەکانی باکووری ڕۆژهەڵات، وەک فەرمانبەری فەرمی دەخرێنە سەر سیستمی پەروەردەی حکوومەتی کاتیی سووریا.
سەرۆکی فەرمانگەی پەروەردەی حەسەکە ڕایگەیاند، تەواوی ئەو مامۆستایانەی سەر بە دەستەی پەروەردە و فێرکردنی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری کوردین، بەپێی پرۆسەی تێکەڵکردنەکە، دەکەونە ژێر چەتری وەزارەتی پەروەردەی سووریا و «هیچ مامۆستایەک لادەرناکرێت.»
بە وتەی ئەو بەرپرسە، لە ئێستادا لێژنە هاوبەشەکان خەریکی پێداچوونەوە و پشتڕاستکردنەوەی بڕوانامە و بەڵگەنامە پیشەییەکانی مامۆستایانن و بەشێک لە بەڵگەنامە پێویستەکانیشیان لێ داوا کراوە.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدا دێت کە گفتوگۆکانی نێوان دیمەشق و بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دوای ڕێککەوتنە گرنگەکەی کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو بەردەوامە؛ ئەو ڕێککەوتنەی کە دوای چەندین هەفتە لە پێکدادانی توند لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای سووریادا واژۆ کرا. هەردوولا لەو ڕێککەوتنەدا جەختیان لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی و تێکەڵکردنی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکانی ڕۆژئاوا لە ناو پێکهاتەی حکوومەتی سووریادا کردەوە.
ئەلباری ژمارەی گشتیی مامۆستایانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری بە نزیکەی ٣٣ هەزار مامۆستا خەمڵاند؛ ئامارێک کە ئەو مامۆستایانەش دەگرێتەوە کە پێش دامەزراندنی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری دامەزرابوون. بە وتەی ئەو، نزیکەی ٧٠٠ هەزار قوتابیش لە نێو نزیکەی دوو هەزار قوتابخانەی ئەو ناوچانەدا دەخوێنن.
ناوبراو ڕاشیگەیاند، لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندندا، پرۆسەی فێرکردن بەپێی «پڕۆگرامی سیستمی پەروەردەی سووریا» دەبێت، بەڵام چوارچێوەی تایبەت بە خوێندن بە زمانی کوردی و پۆگرامی خوێندنی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕوون دەکرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە دەستپێکردنەوەی خوێندن بە زمانی کوردی تەنها لەگەڵ «هەندێک پرسی تەکنیکیدا» ڕووبەڕووە و وەرگێڕانی کتێب و پڕۆگرامەکانی خوێندن بۆ سەر زمانی کوردی، یەکێکە لەو پێشنیارانەی لەم بوارەدا خراوەتەڕوو.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دوای کشانەوەی هێزەکانی حکوومەتی سووریا لە ناوچە کوردییەکان لە ساڵی ٢٠١٢دا، سیستمێکی پەروەردەی سەربەخۆی دامەزراندبوو کە خوێندن بە زمانی کوردی بەشێکی سەرەکی بوو لێی.
هاوکات، ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی حکوومەتی کاتیی سووریا، لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا بە دەرکردنی مەرسومی ژمارە ١٣، زمانی کوردی وەک «زمانێکی نیشتمانی» ناساند؛ هەرچەندە زمانی عەرەبی وەک تاقە زمانی فەرمی لە سووریادا ماوەتەوە.
Your Comment