جموجوڵی بەغدا بۆ دروستكردنی "وەزارەتی ئاسایشی فیدڕاڵی" لە گەرمەی گوشارەکانی واشنتۆندا

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ حکوومەتی عێراق رایانگه‌یاندووە سەرکردە ئەمنی و سەربازیه‌کان تاوتوێی پڕۆژەیەکی سەرەنج راكێش دەكەن بۆ دروستکردنی وەزارەتێکی نوێ کە بە "وەزارەتی ئاسایشی فیدڕاڵی" ناسراوە، ئەو وەزارەتە هەموو ئەو یەكە چەکداریانە دەگرێتەوە کە لەناو هێزە چەکدارە بنەڕەتییەكاندا (سوپا و پۆلیس)دا نین، لەسەروشیانەوە، هێزەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەكدارەكان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژنامەی "العربی الجدید" له‌ راپۆرتێكدا له‌زاری سەرچاوە حکومییەکانی عێراق لە بەغدا بڵاویكرده‌وه‌، سەرکردە ئەمنی، سەربازی، سیاسی و حکومییەکان خەریکی تاوتوێکردنی "پڕۆژەیەکی بەرچاو و گرنگن"، پڕۆژەکە پێشنیاری هێنانەکایەی وەزارەتێکی نوێ دەکات بە ناوی "وەزارەتی ئاسایشی فیدراڵی"، کە تێیدا سەرجەم پێکهاتە و ناوە چەکدارییەکان کە لە چوارچێوەی هێزە نیزامییە سەرەکییەکاندا (سوپا و پۆلیس) نین، بخرێنە ژێر چەتری ئەو وەزارەتە.

ئەو پڕۆژە عێراقییە کە حکومەتی عەلی زەیدی لە ڕێگەیەوە هەوڵدەدات فشاری ئەمریکا و ڕۆژئاوا سەبارەت بە دۆسیەی سنوردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا لەلایەک، و بەدورگرتنی پێکدادان لەگەڵ ئەو گروپە چەکدارانەی کە هەر هەوڵێک بۆ داماڵینی چەکەکانیان بە زەبری هێز ڕەتدەکەنەوە لەلایەکی دیکەوە لەخۆبگرێت، هێشتا ئەنجامەکانی مسۆگەر نین، لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسیی شیعەوە پەسەندکراوە و هەندێکی دیکەش تێبینییان لەسەری هەیە.

بەپێی وتەی سێ سەرچاوەی عێراقی کە رۆژنامه‌كه‌ قسەی لەگەڵ کردون، پڕۆژە پێشنیارکراوەکە تەنها سنوردار نییە بە دروستکردنی وەزارەتێک کە سروشتێکی کارگێڕی یان ڕێکخستنی هەبێت، بەڵکو بەرەو بنیاتنانی پێکهاتەیەکی ئەمنی بە دەسەڵاتی دیاریکراوەوە هەنگاو دەنێت.

به‌پێی وته‌ی ئه‌و به‌رپرسانه‌، حكومه‌تی عێراق ده‌یه‌وێت هه‌ریه‌كه‌ له‌ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، حەشدی شەعبی، فیرقەی دەستێوەردانی خێرا و پۆلیسی فیدراڵی لەخۆدەگرێت، ئەوەش لەژێر ناونیشانی کۆتاییهێنان بە دۆخی فرەیی ئەمنی کە لە دوای ساڵی ۲۰۰۳ (مێژوی داگیرکاری ئەمریکا بۆ سەر عێراق) و بەتایبەتی دوای شەڕی دژی ڕێکخراوی داعش، یاوەری دەوڵەتی عێراق بوە.

بەپێی سەرچاوەکان، ئەو ئاڕاستەیە لە نێوان چەندین پێشنیاری دیکەدایە کە وەک چارەسەرێکی ناوەند خراونەتەڕو بۆ ڕوبەڕوبونەوەی فشارەکانی ئەمریکا و نێودەوڵەتی لەسەر بەغدا، بە مەبەستی کەمکردنەوەی هەژمونی گروپە چەکدارەکان لە ناوەندەکانی دەوڵەت و کۆتاییهێنان بە تەکەتولە چەکدارییەکان.

دەستوری عێراق کە لە ساڵی ۲۰۰۵دا پەسەندکرا، دەسەڵاتی دامەزراندن و ڕێکخستنی هێزە ئەمنییەکانی لە ناو سنورە کارگێڕییەکانی هەرێمدا بەخشی بە هەرێمی کوردستان، بەبێ ئەوەی بە ڕونی دەستەواژەی "پێشمەرگە" بەکاربهێنێت، بەغدا و دەسەڵاتی باڵای فیدراڵی کە لە حکومەتدا ڕەنگدەداتەوە، هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر ئەو هێزانەدا نییە.

لەلایەکی دیکەوە، پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ۲۰۱۶دا یاسایەکی پەسەندکرد کە بە "یاسای دەستەی حەشدی شەعبی" ناسراوە و دەنگی لەسەر درا، کە تێیدا ڕێوشوێنی ڕێکخستنی، دارایی و یاسایی بۆ ئەندامانی "حەشدی شەعبی" دیاریکراوە بەبێ ئەوەی دەقێکی دەستوری ڕاستەوخۆ هەبێت. هەروەها لە یاساکەدا هاتوە کە "حەشد" بەشێکە لە دامەزراوەی سەربازی عێراق و فەرمان لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان (سەرۆک وەزیران) وەردەگرێت نەک وەزارەتی بەرگری.

بەرپرسێکی باڵای ئەمنی عێراق لە وەڵامێکی کورتدا بۆ پرسیارەکانی "العربی الجدید" سەبارەت بە پڕۆژەی وەزارەتە نوێیەکە کە تاوتوێ دەکرێت، ڕایگەیاند، "تا ئێستا هیچ له‌وباره‌یه‌وه‌ پێنەگەیشتوە و هێشتا شیاوی ئاشکراکردن نییە".

رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێت، ئه‌و وتانه‌ی به‌رپرسه‌كه‌ واتای ئه‌وه‌یه‌ پشتڕاستکردنەوەیەکی ناڕاستەوخۆیه‌ کە پڕۆژەکە لە ژێر لێکۆڵینەوە و گفتوگۆدایە.

هێزە باڵادەستەکانی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" بە وشیارییەکی زۆرەوە پێشوازییان لە پڕۆژەکە کردوە، لە کاتێکدا هێزەکانی دیکە ڕەزامەندییان لەسەر هەر ڕێوشوێنێک دەربڕیوە کە گەرەنتی تێپەڕاندنی مەترسی سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر عێراقدا بکات، لە کاتێکدا گروپە چەکدارەکان پێشوەختە هەر گفتوگۆیەک لەسەر هەر ڕێکخستنێکی نوێی پەیوەندیدار بەوانەوە رەتدەکەنەوە.

به‌گوێره‌ی وته‌ی چاودێران، پڕۆژەی "وەزارەتی ئاسایشی فیدراڵی" رەنگە گەورەترین پرۆسەی دوبارە ڕێکخستنەوەی ئەمنی بێت کە عێراق لە دوای ساڵی ۲۰۰۳وە بەخۆیەوە بینیبێتی، بەتایبەتی لەگەڵ دوبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە نێوان وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و ئەو دەزگایانەی کە بە نوسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە بەستراونەتەوە.

News ID 227196

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha