شیکاریێک لەسەر ئیدیعای پڕچەک کردن لەلایەن واشنتنەوە لەدژی کورد/ محەمەد هادیفەر

لە دوای دووبارەبوونەوەی تۆمەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژ بە هێزە کوردییەکان بەوەی کە چەکی سەربازییان شاردووەتەوە؛ ئەم یادداشتە بە دیدێکی ڕەخنەیی و بە پشتبەستن بە داتاکانی مەیدانی و مێژوویی، ئەو بانگەشەیە وەک بەشێک لە ستراتیژییەکی ئاڵۆزی ڕاگەیاندنی-ئەمنی هەڵدەسەنگێنێت. ئەم یادداشتە، هاوکات لەگەڵ دژایەتیی گوتاری سووکایەتیپێکەری واشنتۆن بەرامبەر بە پێشینەی مێژوویی بەرگریی کورد، دەپەرژێتە سەر لێکۆڵینەوە لەو کەلێنە قووڵەی کە لەنێوان دەسەڵاتی حزبی لە هەرێمی کوردستان و ئیرادەی گشتیی خەڵکدا هەیە. یادداشتەکە وابیر دەکاتەوە کە ئەم تۆمەتبارکردنە، پەردەیەکە بۆ بەڕێوەبردنی گرژییە ناوچەیییەکان و پەردەپۆشکردنی ئەو بۆشایییە کە لە سیستمی فەرمانڕەواییی هەرێمدا هەن.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی شەڕی ۳۸ ڕۆژەدا، چەندین جار بە ئەدەبیاتێکی نزم و جۆراوجۆر، کوردی بە دزینی چەک یان شاردنەوەی تۆمەتبار کرد. ئەم زێدەبێژییەی ئەم دوایییەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە «دزینی چەک» لە لایەن کوردەوە، زیاتر لەوەی کە سەرچاوەی لە واقیعێکی مەیدانیی دابڕاو گرتبێت، نیشاندەری تووشبوونە بە جۆرێک لە «مالیخولیای سیاسی» و خولیای وتاردان لە فەزای گشتیدا، کە تێیدا پێگەی سەرۆکایەتی بووەتە ڕێڕەوێک بۆ دووبارەکردنەوەی ئەو دیالۆگانەی لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە دیکتە دەکرێن. زمانی جەستە و شێوازی دەربڕینی ئەو، بە ڕوونی دەریدەخات کە «ڕوخوێنیی کاغەزەکان» دەکات؛ ڕێدۆزێک کە لە ئەدەبیاتی زانستەکانی ڕاگەیاندندا، نموونەیەکی بەرچاوی «پڕۆپاگەندەی ئاڕاستەکراو»ە بۆ پێشخستنی ئامانجە تاکتیکییەکانی کۆشکی سپی.

لە بەرامبەر ئەم شێوازە لە سیاسەتکردنەدا کە ڕەگی لە مێژووی دووسەد ساڵەی «کابۆییانە»ی بنەمادار لەسەر توندوتیژی و باڵادەستیدا هەیە، مێژووی پێنج هەزار ساڵەی کورد بە مەرکەبی جوامێری، پیاوەتی و خۆڕاگری نووسراوەتەوە؛ دژایەتییەک کە نەک تەنیا لە بواری ڕەوشتدا، بەڵکوو لە پارادایمە شارستانییەکانیشدا، سنووری نێوان «ڕەسەنایەتی» و «بەرژەوەندیی ئامرازیی» بە ڕوونی کێشاوە. ئەم شێوازە ڕەفتارییەی «کابۆیی بەڕێزی کۆشکی سپی»، لە ڕاستیدا هەوڵێکی بێهودەیە بۆ بچووککردنەوەی نەتەوەیەکی ڕەسەن بۆ «بەکرێگیراوانێک کە تەنیا لەپێناو پارەدا دەجەنگن»، تا بەم شێوەیە شکستە ستراتیژییەکانی واشنتۆن لە ڕۆژاوای ئاسیا، بخرێنە ئەستۆی هاوپەیمانە خۆجێیییەکان.

لێدوانەکانی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە لکاندنی سیفەتی ناپیشەیی و بەکرێگیراوانە بە کوردەوە، سەرچاوەگرتوو لە ڕوانگەیەکی کەمکەرەوە (کورتکەرەوە) و نیۆکۆلۆنیالیستییە کە لەگەڵ مێژووی پێنج هەزار ساڵە و یادەوەریی بەکۆمەڵی ئەم نەتەوەیەدا لە دژایەتییەکی ڕەهادایە. کورتکردنەوەی چالاکیی سەربازیی کورد بۆ «شەڕکردن لەبەرانبەر پارەدا»، چاوپۆشییەکی بەئەنقەستە لە نەریتێکی مێژوویی لە خەباتی ڕەسەن کە تێیدا تێکۆشەرانی کورد لە قۆناغە جیاوازەکاندا، نەک هەر وەک بەکرێگیراو کاریان نەکردووە، بەڵکوو هەمیشە قورسترین باری بەرگرییان لە دژی کۆلۆنیالیزم و ستەمکاری لەسەر شان بووە. لە ڕاپەڕینی شێخ مەحمودی حەفید لە دژی ئینتدابی بەریتانیا، تا خەباتی شێخ سەعیدی پیران لە دژی سیاسەتەکانی ئاسمیلەکردنی زۆرەملێ، هەموویان شایەتی ئەوە دەدەن کە پاڵنەری کورد لە درێژاییی مێژوودا، نەک تەماعی دارایی، بەڵکوو پاراستنی ناسنامە و ئیرادەی بەکۆمەڵ بووە. ئەم ڕەچەڵەکە مێژووییەی خەبات، تەنانەت لە سەردەمی تاریکی حوکمڕانیی پارتی بەعس و خەباتی چەکداری و ڕێکخراوەیی پێش ساڵی ٢٠٠٣شدا، باجێکی قورسی مرۆیی و ئاوارەبوونی ملیۆنیی بەدوای خۆیدا هێنا؛ سەردەمێک کە تێیدا پەیکاری کورد دژ بە دیکتاتۆریی سەدام، فرەتر لە هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی دارایی، بەستراوەیەکی قووڵی بە ئامانجی «مافی دیاریکردنی چارەنووس»ەوە هەبوو و لەم ڕێگەیەدا، هەم ژنان و هەم پیاوانی کورد بە گێڕانەوەیەکی قارەمانانە، ڕاوەستان لە دژی سیاسەتەکانی جینۆسایدیان کردە مۆدێلێک بۆ خوێندنەوەکانی بواری بەرگری و خۆڕاگری.

ئەم دابڕانە هزرەیی و تێگەیشتنییە کاتێک ئاشکراتر دەبێت کە سەیری کارنامەی خەباتی کورد لە دەیەی ڕابردوودا دژ بە داعش بکەین؛ شەڕی کوردی عێراق و سووریا دژ بە داعش و بەتایبەت حەمادەی کۆبانی وەک نەبردێکی «بوونناسی» بۆ مانەوەی شارستانییەت و بەها دیموکراتییەکان لە دژی بەربەرییەتی سەلەفی بە جیهان ناسێندرا. لەم مەیدانەدا، ڕۆڵی دیاری ژنانی شەڕڤان و پێشمەرگەی کورد کە بە ئایدۆلۆژیای بەرگری لە حەریمی مرۆڤایەتی هاتنە مەیدانەکە، بە ڕوونی پووچەڵبوونی بانگەشەی «بەکرێگیراوێتی» سەلماند.

مەترسیی سەرەکیی چاودێرانی ناوچەکە، «دوادەست و دووبارەبوونەوەی» ئەم دەستەواژانەیە کە لە میدیا جیهانییەکاندا، وێنەیەکی ناڕەوا و شێوێندراو لە کۆمەڵگەی کوردی نیشان دەدەن؛ وێنەیەک کە سڕینەوەی لە زەینی ڕای گشتیی جیهان، پرۆسەیەکی ئاڵۆز و تاقەتپڕووکێن دەبێت. لەم نێوەندەدا، هەڵەیەکی ستراتیژیی مەترسیدار لە ئارادایە، ئەویش: یەکسانبینینی «خەڵک»ە لەگەڵ «ڕێبەرانی حیزبەکان». نووسەرانی دەقەکانی ترامپ، بەئەنقەست یان لە نەزانییەوە، لە نێوان جەستەی کۆمەڵایەتیی کورد کە لە درێژایی مێژوودا باجی بۆ ئازادی و کەرامەتی مرۆیی داوە، و ڕێبەرانی حیزبگەلێک کە ئێستا خەریکی کایەکانی مانەوەی سیاسین، جیاوازی ناکەن. ئەم «بێوردبینییە سیاسییە» بەئەنقەست یان بەسەهۆ، عەمەلییەن وادەکات کە «کۆمەڵگەی کورد» وەک ئامانجی کۆتاییی ئەم پڕۆپاگەندەیە، بخرێتە ژێر باری دەروونیی تۆمەتەکانی هێزێکی جیهانی، لە کاتێکدا کە مەودای نێوان دەسەڵاتی حزبی لە هەرێم و ئیرادەی گشتیی خەڵک، درزێکی قووڵ و حاشاهەڵنەگرە.

کاتێک لەم توێژە گوتارییە تێدەپەڕین و دەچینە ناو واقیعە مەیدانییەکان، دەبێت ددان بەوەدا بنێین کە «ناردنی چەک» واقیعێکی هەیە، بەڵام «ماهیەتی بەسەرهاتەکە» تەواو جیاوازە لە گێڕانەوەکەی ترامپ. زانیارییە مەیدانییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە بەشێکی بەرچاوی ئەم چەکانە، لە لایەن تۆڕەکانی دزەکردنی هەندێک لە ڕێبەرانی حیزبە کوردییەکانەوە کۆگاکراون (دێپۆ کراون). بەشێک لەم چەکانە، لە چوارچێوەی هاوکێشە ناوچەیییەکان و بە هەماهنگیی ناڕەسمی نێردراونەتە ناوخۆی ئێران، و بەشەکەی تری، بەپێی لێدوانی هەندێک لە فەرماندە سەربازییەکانی هەولێر، لە کۆگا شاراوەکاندا پارێزراون تا لە «کات و پێگەی گونجاودا» و بەپێی «داواکارییە پەنهانییەکان» بەکار بهێندرێن. ئەم «کۆگاکردنە ستراتیژییە»، لە ڕاستیدا کاردانەوەیەکە بۆ دروستکردنی «قەڵغانێکی بەرگری» لە دژی هەڕەشە ئەگەرییەکان و پاراستنی هاوسەنگیی هێز لەو دۆخەی کە ڕێبەرانی حزبی، خۆیان لەبەردەم هێرشە ئەمنییەکاندا دەبیننەوە.

پێدەچێت واشنتۆن بە دروستکردنی فەزایەک لە «دوورکەوتنەوەی دیار (ڕواڵەتی)» لە نێوان خۆی و ڕێبەرانی کورد، دەخوازێت بە نیشاندانی دابڕانی ستراتیژی، لە فشاری بەرامبەر لەسەر ئەم ڕێبەرانە کەم بکاتەوە؛ ستراتیژییەک کە دەرفەتیان پێدەدات تا لە ژێر سێبەری ئەم «سیاسەتە خۆڵەمێشییە»دا، ئامانجە درێژخایەنەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە وردەکاری و ئاڵۆزیی زیاترەوە لە ناوچەکەدا ببەنە پێشێ.

لە کۆتاییدا، ئەم دۆخە پڕ لە ئەسەفە، لە قەیرانی قووڵی شەرعییەتە لە هەرێمی کوردستاندا سەرچاوەی گرتوو ؛ دەسەڵاتدارییەک کە زیاتر لە دوو ساڵە لە نەبوونی پەرلەمان و دامەزراوە یاسایییە چاودێرەکاندا، هێشتا بە شێوازی ملوکوتتەوایەفی (خێڵەکی و ناوچەیی) بەڕێوە دەبرێت. نەبوونی ناسنامەی یاسایی و دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان، دەستی ڕێبەرانی حزبی بەستووەتەوە کە نەتوانن داکۆکی لە مافی هاووڵاتییانی خۆیان لە بەرامبەر بەغدادا بکەن، و ئێستا، هەر ئەم لاوازییە پێکهاتەیییە، ئەوانی کردووەتە «ئامرازی فشار» یان «قوربانی» لە دەستی سیاسەتمەدارانی ئەمریکاییدا. ئەم یادداشتە جەخت لەسەر ئەو خاڵە دەکاتەوە کە ئەوەی ترامپ وەک «دزینی چەک» دەیداتە پاڵ نەتەوەی کورد، لە ڕاستیدا «کۆدشکێنییە لە بنبەستی حوکمرانیی هەرێم»؛ ڕێبەرانی حیزبەکان، لە جیاتی پشت بەستن بە «ئیرادەی نیشتمانی» و «یاسا»، لە حەساری پڕۆپاگەندەی هێزێکی دەرەکیدا گرفتار بوون و قورسایی ئەم تۆمەتە، لەسەر شانی مێژوو و ناسنامەی کۆمەڵگەی کورد دەکەوێت.

News ID 227183

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha