بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکوەزیرانی نوێ، چاکسازیی ئابووری و دارایی وەک لە پێشینەی کارەکانی حکوومەتەکەی دیاری کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە کار دەکەن بۆ بنیاتنانی ئابوورییەکی بەهێز و فرەچەشن کە تەنها پشت بە یەک سەرچاوە (نەوت) نەبەستێت، ئەوەش لە ڕێگەی چالاککردنی کەرتی پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتیاری و وەبەرهێنانەوە دەبێت. هاوکات جەختی لەسەر دژایەتیکردنی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی کردەوە کە بە بەربەستی سەرەکیی بەردەم گەشەپێدان ناوی برد.
سەبارەت بە خزمەتگوزاری و کەرتی کۆمەڵایەتی، زەیدی ڕایگەیاند کە دۆسیەی ژێرخان و خزمەتگوزارییەکان چیتر ملکەچی بەڵێنی دواخراو نابێت، بەڵکو دەبێتە گۆڕەپانی کردار، بەتایبەت لە سێکتەرەکانی کارەبا، ئاو، ڕێگاوبان، تەندروستی و پەروەردە. هەروەها دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان، بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بە دوور لە جیاکاری، بەشێکی دیکەی بەڵێنەکانی سەرۆکوەزیران بوون.
لە ڕووی ئەمنی و سیاسەتی دەرەوە، عەلی زەیدی جەختی لەسەر پاراستنی سەروەریی عێراق و سەقامگیریی ناوخۆیی کردەوە، لەگەڵ پەرەپێدانی پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای ڕێزی هاوبەش.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، ڕۆژی پێنجشەممە (۱۴ی ئایاری ۲۰۲۶)، پەرلەمانی عێراق متمانەی بە کابینەکەی عەلی زەیدی بەخشی، کە تێیدا کورد تا ئێستا سێ وەزارەتی بەرکەوتووە و تەنها چەند وەزارەتێکی کەم ماون کە وەزیرەکانیان یەکلا بکرێتەوە.
Your Comment