لە ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا کوردپرێس هەوڵی داوە لە گفتوگۆیەکدا لە ئاستی سیاسەتدانان، بۆچوونی فەرمی وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان لەبارەی بارودۆخی ئێستای میدیاکان، بنەڕەتی مێژوویی و داهاتوویان لێکبداتەوە.
ئەرسەلان ڕەحمان جێگری وەزیری ڕۆشنبیری بە نوێنەرایەتی وەزارەتەکەوە وەڵامی پرسیارەکانی کوردپرێسی دایەوە. ئەم گفتوگۆیە لەو ڕووەوە گرنگە کە تێڕوانینی فەرمی حکوومەتی هەرێم بۆ پێکهاتەی میدیایی نیشان دەدات و هەروەها پەیوەندیی نێان میدیا و دەسەڵات ئاشکرا دەکا.
کوردپرێس: یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان لەبواری میدیای کوردی لە هەرێمی کوردستان بابەتی پێکهاتەی مالیکیەت و پەیوەندیی میدیاکانە لەگەڵ ئەکتەرە سیاسییەکان یان کەسایەتییە سیاسییەکان یان حزبە سیاسییەکان، وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەم بابەتە چۆن هەڵدەسەنگێنێت لە ڕووەوە کە میدیای کوردی لە مێژووی خەبات و شۆڕشی کوردی پێش ۲۰۰۳ زیاتر لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بووە و دەنگی لایەنە سیاسییەکان بووە لە ئەساسدا، ئێوە ئەم بابەتە چۆن ئەخەمڵێنن؟ ئایا ئێستاش هەمان کاریگەری حزبی و شەخسی لەسەر میدیای کوردی هەیە یان گۆڕاوە؟
ئەرسەلان ڕەحمان: ڕاستە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی میدای کوردی لە دوای ۲۰۰۳وە لە ڕووی خاوەندارێتییەوە بەرەو ئاراستەی کەسی ڕۆیشتووە، ئینجا کەسی بازرگانی و سەرمایەگوزار بێت یان خود کەسی سیاسی و حزبی و یا کەسایەتی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان.
ئەمانە ستایلێکی نوێی میدیاییە لە دوای ۲۰۰۳وە بەهۆی پێشکەوتنە جیاجیاکانی بواری ژیان بەگشتی و میدیا بە تایبەتی بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکانێک بیانەوێت لە دونیای میدیاییدا وەبەرهێنان بکەن، جگە لەو ئاسمانیانەی کە دەیبینین دابەشبوون بەسەر حزب و کەسایەتی سیاسی و بازرگان و سەرمایەداردا لە ئاستی ناوخۆیشدا ئێمە دەیان کەناڵمان هەیە کە کۆمپانیا بازرگانییەکان، کەسایەتییە کۆمەڵایەتی و ئائینییەکان دایانمەزراندوون و جۆرێک لە وەبەرهێنانی بازرگانی و ئابووری تێیاندا دەکەن بۆ برەودان یان ڕێکلام کردن بۆ کاڵاکانیان یان دەسکەوتی مادی بۆ خۆیان.
ئەمانە لە ژینگەی میدیایی کوردستاندا شتێکی ئاساییە بەو پێیەش کە لە ۱۲۸ ساڵی ڕابردووشدا کە یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بڵاو کرایەوە کە ڕۆژنامەی کوردستانە ئەبینین کە لەلایەن دامەزراوەی ڕۆشنبیریی ئێمەوە دەرناچێت بەڵکوو کەسایەتیەکی ڕۆشنبیر و سیاسی و چالاکوانێکی کورد و دڵسۆزێکی پرسی کوردمان هەیە کە یەکەم ڕۆژنامە هەر بەنێوی کوردستان دەردەکات، ئەمەش بۆ خۆی دەلالەتی ئەوەیە کە لە بنەڕەتەوە ئەم میدیایەی ئێمە کە هاتۆتە بوون یان دامەزراوە موڵک و خەسڵت و شکڵی کەسی وەرگرتووە و ئێمە لە قۆناغی ڕابردوو و لە قۆناغی خەباتی شاخدا میدیاکەمان میدیای شۆڕش و خەبات و بەرنگاری و هەڵسانەوە زیندوومانەوەی نەتەوەیی بوو و میدیای حزب و چالاکییەکانی حزب بوو بەتایبەت لەدوای ڕاپەڕین و لە دوای ۲۰۰۳یش قۆناغێکی نوێیە و ئەم قۆناغە نوێیە ئەو مۆرەی کە لەسەرەتاوە هەیبوو وەکوو نەقشێک لەگەڵی هاتووە و لێی جیا نەبووتەوە.
هەر لەدرێژی ئەم وەڵامەدا، ئەمە بە نگەتیڤ یا نەرێنی ئێمە ناتوانین سەیری بکەین ئەمە دۆخێکی ئاساییە لە ژینگەی میدیایی هەرێمی کوردستان بۆ هەلومەرجی ئەمڕۆمان ئاساییە چوونکە فەلسەفەی بەڕێوەبردن و ئیدارەدان لە هەرێمی کوردستاندا فەلسەفەی قۆرخ کردنی دامودەزگا میدیاییەکان نییە بەڵکوو فەلسەفەکە پشت بە ئازادی میدیایی و کاری ڕاگەیاندن دەبەستێت و یاسایەکیشمان هەیە کە یاسای ژمارە ۳۵ی ساڵی ۲۰۱۷ و لەو یاسایەدا ماف دراوەتە هەر هاووڵاتتییەک خەڵکی کوردستان کە مافی ئەوەی هەیە خاوەنداریەتی لە دامودەزگای میدیایی بکات و ڕۆژنامە دربکات و خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامە و سەرنووسەر.
کوردپرێس: هەندێک پێیان وایە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە ئێمە کرانەوەیەکمان هەبووە لە ساحەی میدیای و ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان، بەڵام زۆر کەس دەڵێن ئەم کرانەوە تەنها لە ژمارەی میدیا و پەیجەکاندا هەیە و مۆڵەت ئەدرێت بە شێوەی ئازادانە بەڵام لەڕووی سەربەخۆیی میدیاکانەوە ئەم بابەتە کەمتر ئەبینرێت، هەڵسەنگاندنی وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ ئەم بابەتە چییە؟
ئەرسەلان ڕەحمان: سەبارەت بە سەربەخۆیی بوونی میدیا و میداکاران؛ ئێمە لە میدیادا گرفت و ئیشکالیەتێکی گەورەمان نییە تایبەت بێ بەوەی ئاخۆ ئەم میدیایە واتبەستە چ لایەنێکی سیاسی یا بازرگانی و ئابووری و ئائینییە، ئەسڵی بابەتەکە لەبواری میدیادا پیشەییبوون و ڕاستی وتنە و ڕاستی بڵاو کردنەوە و پابەندی بە یاسا و هەرواها پابەندبوونە بە بنەماکانی ئەخلاقی کاری ڕۆژنامەوانی.
ئیدی زۆر ئاساییە کە ڕۆژنامەیەک، ڕایۆیەک یان تەلەفزیۆنێک وابەستە بێت بە ڕەوتێکەوە یان لایەنێکی سیاسی و داراییەکەی لە لایەنێکی سیاسی وەربگرێت. بەڵام گرینگ بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ئەم میدیایە کوردستانیانە بیر بکاتەوە و کوردستانیانە ڕووماڵ بکات هەروەها ئەم میدیایە ڕاستی بە وەرگرەکان و بە جەماوەر و بە خەڵک بڵێت. چوونکە زۆر گرنگە کە میدیا پابەندی بابەتی بوون بێت و لە پیشەیی بوون و بنەماکانی پیشەیی بوون لانەدات، ئەمە خاڵێکی گرینگە کە میدیای پێجیادەکرێتەوە. ئایا تا چەند ئەم میدیایە پیشەییە و تاچەند ئەم میدیایە پابەندی بنەما یاسایی و ئیتنیکییەکانە یاخود تا چەند پابەند نییە.
لە ئەسڵدا دەبێت ئەمانە پێوەر بێت چوونکە خۆتان ئەزانن لە هەموو جیهاندا و نەک هەر لە ناوچەی ئێمەدا و نەک هەر لە عێراق و ئێران و تورکیا و وڵاتانی هەرێمیدا بگرە لە هەموو جیهاندا ئێمە نابێت کەناڵگەلێکمان هەبێت پێی بگوترێت بێ لایەن، بێ لایەن بەرامبەر بەچی؟ دواجار مرۆڤ وەکوو بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی ناتوانێت بێ لایەن بێت. ئینجا ئەگەر هاتوو ڕەسانەیەک یان کەناڵێکی میدیایی دامەزرا و بانگەشەی بێ لایەنی کرد (وەکوو کورد ئەڵێت بە حەڵوا حەڵوا دەم شیرین نابێت) ئەمە خۆ بە پێدا هەڵگوتن و دروشمبازیەکەی خۆی نابێت ئەبێت لە میداندا کار و چالاکی و بەرهەم و پەیامەکەی کە بڵاوی دەکاتەوە، لەوێ هەڵی دەسەنگێنین ئاخۆ تا چەند پابەندە بە بنەمای پیشەیی و بەرژەوەندیی باڵای کۆمەڵگەکە و خەڵک و وڵاتەکەی و هەروەها چەنێک کار بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و بۆ ئاشتەوایی و یەکێتیی ڕیزەکانی کۆمەڵگە دەکات. ئەمانە پێوەرە سەرەکییەکەن.
بە پێچەوانەوە ئەگەر میدیایەک پێی وابێت کە سەربەخۆیە و بێ لایەنە ئەمە وەکوو پارە خەسار کردنە و بە فیڕۆ دانی سامانە، چۆن دەکرێت کەسێک پەیامێکی میدیایی نەبێت و گوتارێکی نەبێت و میدیایەک دابنێت بەس بۆ دووبارە بڵاو کردنەوەی بەرهەمی ئەوانی دیکە، ئەی خۆی چی بەرهەم دێنێت؟ کە خۆی شتێک بەرهەم دێنێت ڕوانگەی خۆی بۆ ژیان و بۆ ئایین و بۆ ئابووری و بۆ سیاسەت و بۆ گۆڕانی کۆمەڵایەتی و چی ئەبێت.
ئینجا ئێمە بە نەنگی نابینین ئەگەر بێت و لە ڕووی خاوەندارێتییەوە میدیا ناسنامەی دیاری بێت، بەڵام نەنگی و عەیبەیە ئەگر بێت و لەژێر چەتری ناسنامەکەی خۆیدا درۆ و چەواشەکاری بڵاو بکاتەوە و زانیاریی ناڕاست بە خواردنی خەڵک بدات واتا بە کوردی ژەهر دەرخواردی خەڵک بدات؛ ئەمەیان جێی سەرنج و کێشەکەیە بۆیە خاوەندارێتی ئەگەر حزب یان کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کۆمپانیا بێت بۆمان ئاساییە و بە حاڵەتێکی ئاسایی وەرمان گرتووە و مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین.
کوردپرێس: تا چەند میدیای کوردی توانیویەتی بە ئەرکی خۆی هەڵبسێت لە ئاگادار کردنەوە چین توێژەکانی هەرێمی کوردستان؟ ئایا ئەکرێت بڵێین میدیای کوردی لە هەرێمی کوردستاندا لە ئێستادا خەریکی تێپەڕاندنی دەورانێکی گوزارە لە میدیای سیاسییەوە بۆ میدیای پڕۆفشناڵ؟
ئەرسەلان ڕەحمان: لەبارەی ئەم پرسیارەتان ئێمە هەر نەک لە ڕووی ژمارەوە یەعنی چەندایەتییەوە پێشکەوتنی بەرچاومان بەدەست هێناوە، بەڵکوو لەڕووی تەکنیکیشەوە هەرێمی کوردستان ژینگە میدیایەکەی هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو بووە. هەروەها لەڕووی چۆنایەتییەوە ناوەڕۆکە میدیایەکەمان پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەدەست هێناوە، بۆ نموونە کەناڵەکانی ئێمە لە توانایاندا هەیە کە درامای هۆنەری بەرهەم بێنن و بەشی کۆمپانیای پرۆداکشن توانای بەرهەمهێنانی دەیان بەرنامە و دیکیومنتار و بەڵگە فیلمی جۆربەجۆری هەیە کە بە کەناڵە جیاهنییەکانی دەفرۆشن ئەمەش دەرخەری سەرکەوتنە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
Your Comment