بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ شەممە، ۱۸ی نیسانی ۲۰۲۶، ئیبراهیم زولفەقاری، وتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران ڕایگەیاند: "دوای ئەو رێککەوتنەی پێشتر لە دانوستاندنەکان دا کرابوو، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە نیازپاکییەوە ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر ئەوەی ژمارەیەک کەشتی نەوتهەڵگر و کەشتی بازرگانی بە شێوەیەکی سنووردار بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕن، بەڵام بەداخەوە ئەمریکییەکان بە دووبارەبوونەوەی پێشێلکردنی بەڵێنەکانیان بەردەوامن لە کاری چەتەی دەریایی".
زوڵفەقاری وتیشی: "بەم هۆیەیەوە کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز گەڕایەوە بۆ دۆخی پێشووی و لەژێر بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵی تووندی هێزە چەکدارەکاندایە."
ئیبراهیم زولفەقاری ئاماژەی بەوەشکرد: "تاوەکوو ئەو کاتەی ئەمریکا رێگە بە هاتووچۆی ئازاد و تەواوی کەشتییەکان لە ئێرانەوە بۆ شوێنی دیاریکراو و بە پێچەوانەوە نەدات، تەنگەکە بە تووندی کۆنترۆڵ دەکرێت و دەگەڕێتەوە دۆخی پیشوو".
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هاوتەریب لەگەڵ ئاگربەستەکەی لوبنان، تەنگەی هورمز بۆ ئەو ماوەیەی کە لە ئاگربەستەکە ماوە، بە تەواوی بەڕووی هەموو کەشتییە بازرگانییەکان دەکرێتەوە.
Your Comment