بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئارام نووری، بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوەکان، بە ئاڤای گوت: "تا ئێستا سێ هەزار ۶۳۵ ڕووفاتی ئەنفالکراوان کە لە ۲۵ گۆڕی بەکۆمەڵ بوون، گەڕێندراونەتەوە زێدی خۆیان و لە بارزان و گەرمیان بە خاکسپێردراون".
ئامارەکان بەمجۆرەن:
٠ دوو هەزار و ۷۲۰ ڕووفات لە ۱۲ گۆڕی بەکۆمەڵ لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق هێنراوەتەوە.
٠ ۸۲۵ ڕووفات جینۆسایدی بارزانییەکان لە چوار گۆڕی بەکۆمەڵ هێنراوەتەوە.
٠ ۹۰ ڕووفات لە نۆ گۆڕی بەکۆمەڵی سنووری هەرێمی کوردستان بوونە.
ئارام نووری، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لە ساڵی ۲۰۲۴یش گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە سەماوە هەڵدراوەتەوە کە ۱۵۴ ڕووفاتی لەخۆگرتبوو، ئەو ڕووفاتانە لە پزیشکی دادی بەغدان و نەهێنراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵە بەبێ ئاگاداری ئێمە کراوە، لە کاتێکدا دەبێت هەموو هەنگاوێکی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شەهیدانی هەرێمی کوردستان بکرێت".
بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوەکان، دووپاتی دەکاتەوە، کۆی گشتی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفالکراون کە پەیوەندییان بە کوردەوە هەیە لە نێوان ۲۰۰ تا ۲۵۰ گۆڕی بە کۆمەڵ دەبێت، بەڵام حکومەتی فیدراڵی عێراق سست و کەمتەرخەمە لە هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و ڕێککارەکانی تایبەت بە ناسینەوە و گەڕاندنەوەی ڕووفاتەکان بۆ زێدی خۆیان.
Your Comment