کوردپرێس: بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، کە ئاراستەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کەشتیوانی (IMO) کراوە ئەو کەشتییانەی کە "دووژمنکار" نین، دەتوانن لە "تێپەڕبوونی سەلامەت" لە تەنگەی هورمز سوودمەند بن، بەو مەرجەی: "بە هیچ شێوەیەک بەشداری نەکەن لە کارە دەستدرێژیکارییەکان دژی ئێران و پشتگیرییان نەکەن. بە تەواوەتی پابەندی رێسا راگەیێندراوەکانی ئاسایش و سەلامەتی بن. هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ دەسەڵاتە باڵاکانی ئێران بکەن".
ئێران جەختی کردووەتەوە، کەشتی و کەرەستە و هەر جۆرە سەرمایەکی سەر بە "لایەنە دەستدرێژیکارەکان،" بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و هەر وڵاتێکی دیکە کە بەشداریی هێرشەکانی کردووە، مافی تێپەڕبوونیان بە ناو تەنگەکەدا نییە.
تاران لەم راگەیێندراوە، کە رۆژی سێشەممە ۲۴-۰۳-۲۰۲۶ لە لایەن (IMO)ـەوە بۆ وڵاتانی ئەندام بڵاوکرایەوە، ئەمریکا و ئیسرائیلی بە بەرپرسیاری هەر جۆرە "نا ئارامی، نا سەقامگیری و زیادبوونی مەترسییەکان" لەم رێڕۆ ئاوییە گرنگەدا زانی. ئێران هەردوو وڵاتی تۆمەتبار کرد بە هەڵگیرساندنی "جەنگێکی نایاسایی و تێکدەرانە" کە ئاسایشی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیی خستووەتە مەترسییەکی بێوێنەوە.
تەنگەی هورمز کە شا دەماری وزەی جیهانە و ۲۰٪ـی نەوت و گازی پێدا تێدەپەڕێت، لە دەستپێکردنی جەنگ لە ۲۸ـی شوباتەوە، لە لایەن ئێرانەوە داخراوە. ئەم داخستنە بووەتە هۆی بازدانی بەرچاوی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا.
کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، ئەو کەشتییانەی "سەر بە دووژمن نین" دەتوانن بە ناو تەنگەی هورمزدا تێپەڕن، بەو مەرجەی پابەندی رێساکانی ئاسایش بن و هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی تاران بکەن.
News ID 226962
Your Comment