پێویستە خۆبەڕێوەبەریی ناوچە کوردییەکان لە سووریا مسۆگەر بکرێ

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە پەرلەمانی ئەورووپایە و داوای گەرەنتییەک دەکات بۆ بەردەوامیی رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشق.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و رۆهەڵات عەفرین، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) سەردانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپایان کرد و سەبارەت بە پڕۆژەبڕیارەکەی  ١٢ شوباتی پەرلەمانی ئەورووپا بۆ پاراستنی کورد رایگەیاند: "ئەو بڕیارانەی کە لە کۆبوونەوەکە دەرچوون، پێداگرین لەسەر بنیادنانی سووریایەکی نوێ کە تێیدا هەموو گەلانی سووریا بە ئازادی بژین، لە سەرووی هەمووشیانەوە بۆ چارەسەری پرسی کورد کە ساڵانێکە لە سیستمی سووریادا مافی پێشێلکراوە".

ئیلهام ئەحمەد لە بارەی  ئامانجیان لە سەردانەکەیان بۆ پەرلەمانی ئەورووپا وتی: ''دەمانەوێت لەم کۆبوونەوانەدا دەنگی خۆمان بگەیێنین، کە بۆ ئەم تێکەڵبوونەوەیەی ڕوودەدات، گەرەنتییەک هەبێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا میکانیزمی گەرەنتیکردنەکە دیار نییە.''

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوا لە یەکێتیی ئەورووپا دەکات: ''گەرەنتییەکی راستەقینە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەستەبەر بکرێت و لە سەرووی هەمووشیانەوە پرسی دەستوور، چەسپاندنی مافی کورد لە دەستووردا و خۆسەربوونی هەرێمە کوردییەکان لە رێککەوتنەکەی ئێمەدا هەن و پێویستە بزانین چۆن جێبەجێ دەکرێن".

ئیلهام ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە، لەسەر بنەمای پاراستنی تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکان، پێویستە خۆبەڕێوەبەری مسۆگەر بکرێ ''لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە زۆر بە گرنگی دەزانین کە پاڵپشتیمان بکەن، بۆ ئەوەی ژیانی خەڵک پارێزراو بێت و بتوانین گەرەنتیی داهاتووشمان بکەین".

ئیلهام ئەحمەد باس لە چالاکیی کورد دەکات لە شەڕی دژی داعشدا و ڕایگەیاند  ''پێویستە لە بەرامبەر ئەم کارانەی کە کراون، لانیکەم مافی کورد لە دەستووری سووریادا مسۆگەر بکرێ و وڵاتانی نێوەندگیر لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دیمەشق، پاڵپشتمان بن تاوەکو ئەو کاتەی چارەسەرێکی سیاسی لە نێوخۆی سووریادا دێتە ئاراوە، بەڵام هێشتا ئەو هەنگاوە نەنراوە".

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی کاتی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بە ''هێرشکردن بۆ سەر دیموکراسی بوو لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کە مافی ژنان و پێکهاتەکان گەرەنتی کرابوو. ئەوە هێرشێک بوو بۆ سەر هەموو ئەو بەهایانە".

ماوەی دوو ڕۆژە ئەو دوو بەرپرسەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان سەردانی ئەورووپایان کردوە و بڕیارە چەندین کۆبونەوەی گرنگ ئەنجام بدەن.

News ID 226908

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha