بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیدارەی کۆبانێ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەگوێرەی ڕێککەوتنی ۲۹ـی (کانونی دوەم/۱) لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (SDF) و حکوومەتی کاتی لە دیمەشق، یەکەم هەنگاو لە ناوچەی شێخلەر نرا و یەکگرتنی نێوان هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە ئەنجامدرا. هەروەها کۆبونەوەیەک لە نێوان ئیدارەی کۆبانێ و جێگری پارێزگاری حەلەب ئەنجامدرا کە بە ئەنجامی ئەرێنی کۆتاییهات.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر بانگهێشتی جێگری پارێزگاری حەلەب، شاندێکی ئیدارە و ڕیشپییەکانی کۆبانێ سەردانی حەلەبیان کرد، سەرەڕای بەڵێنەکانی حکومەت بۆ گەڕانەوەی دانیشتوان بۆ ئەو گوندانەی کە لێیەوە ئاوارەبوون، هەروەها پرسەکانی خزمەتگوزاری وەک پچڕانی ئاو، کارەبا و ئینتەرنێت. بەڵام تاکوو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری لەلایەن حکوومەتی کاتییەوە نەنراوە، بەتایبەتی سەبارەت بە کشانەوەی هێزە سەربازییەکان و هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیەی کە بەسەر شاری کۆبانێدا سەپێندرابوو.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەوان وەک ئیدارەی کۆبانێ ئەوە پشتڕاست دەکەینەوە کە ئەو لێدوانانەی دواتر لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاوکرانەوە، خزمەت بە چارەسەرکردنی کێشەکان ناکەن و بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەدا ناگونجێت، هەروەها ناونانی کۆبانێ وەکوو "ناوچە" و پێداگری لەسەر بەکارهێنانی ناوی "عەین عەرەب" لە دژی ڕاستیەکانە.
ئیدارەی کۆبانێ دەشڵێت، "ئێمە پابەندبوونمان بە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە و جێبەجێکردنی دوپاتدەکەینەوە، و دەڵێین کە ئامادەین بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ بکەین بۆ پێشخستنی ئەم پرۆسەیە، داوا لە حکوومەتی دیمەشق دەکەین کە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و هەنگاوە پێویستەکان تەواو بکات، بەتایبەتی کشانەوەی هێزە سەربازییەکان".
ئەوەلەکاتێکدایە کە ڕێکهوتنی ۲۹ـی (کانونی دوەم/۱)ـی نێوان حکوومەتی کاتی سوریا و ههسهده بوەهۆی ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێی نێوان حکوومەتی دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە کورد سەرکردایەتی دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە ڕوبەرێکی بەرفراوانی ڕۆژهەڵات و باکوری سوریایان لە بەرژەوەندی هێزەکانی حکوومەت لەدەستدا.
Your Comment