بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سیهانوک دیبۆ، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە وڵاتانی کەنداو، سەبارەت بە رێککەوتنەکەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق بە ڕووداوی ڕاگەیاند: ''ئەم ڕێککەوتنە لە ژێر مەرج و رێسای تایبەتدا واژۆ کراوە کە تەنیا بە ئامادەبوون و دەستەبەری کوردانی رۆژئاوای کوردستان و هەسەدە نەبووە، بەڵکو دەکرێ بڵێین ئەمریکا، فەرەنسا و تەنانەت برایانی ئێمەی کورد لە باشوور و باکووری کوردستانیش تێیدا بەشدارن.''
بە گوتەی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە وڵاتانی کەنداو، رێککەوتنەکە لە کاتێکی هەستیاردا کراوە، ''بۆیە ناونیشانەکەی بووەتە 'ئاگربەستی هەمیشەیی نێوان حکومەتی کاتی و هەسەدە و، تێکەڵکردنی دامودەزگاکان'. واتە ئەمە وردەکاریی زۆری تێدایە.''
سیهانوک دیبۆ پێیوایە، ئەگەر سەرجەم وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە لەبەرچاو بگیرێن، هەنگاوێکی باش نراوە، ''بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بەگوێرەی خەون و هیوای کوردانی رۆژئاوای کوردستان بێت.''
بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی کە کراوە، ژمارەیەک لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا دەچنە نێو حەسەکە. سیهانوک دیبۆ ئاماژەی بەوە کرد، ''ژمارەی هێزەکان دیاریکراوە. ۲۰۰ تاوەکو ۲۵۰ کەس بە چەکی سووکەوە دەربازی پارێزگای حەسەکە یان کانتۆنی جزیرە دەبن، بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی تێکەڵکردنەوەی دامودەزگاکان بکەن.''
ئەو نوێنەرەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سەبارەت بەو ناوانەی کە پێشنیار کراون بە دیمەشق بۆ وەرگرتنی ژمارەیەک پۆستی حکومی گوتی: ''هەندێک پۆست لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە وەردەگیرێن، وەک پارێزگاری حەسەکە و جێگر یان یاریدەدەری وەزیری بەرگری (پاراستن)، واتا وردەکاریی زۆر ماون و هێشتا پڕۆسەکە تەواو نەبووە.''
سیهانوک دیبۆ پشتڕاستی کردەوە کە نوورەدین ئەحمەد بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری حەسەکە پیشنیاز کراوە و دەڵێت، ناوەکانی دیکەش بۆ وەرگرتنی پۆستەکان، بە شێوەیەکی فەرمی رادەگەیێنرێن.
سەبارەت بە بەڕێوەبردنی دەروازەی سنووریی سێمالکا (پێشابوور) و فڕۆکەخانەی قامشلۆیە، ئەو نوێنەرەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گوتی، ''بە شێوەیەکی هاوبەش بەڕێوەدەبرێن، واتا هیچ کەسێک لە دەرەوەوە ناهێنرێ و خەڵکی ئێرە لەو دوو شوێنەدا دەمێننەوە، بەڵام وەک بەرپرسیارێتی، بە شێوەیەکی هاوبەش دەبێ و هەندێک نوێنەری حکومت تێیاندا ئامادە دەبن".
Your Comment