ماکرۆن دوایین پێشهاتەکانی سووریا لەگەڵ عەبدی و شەرع تاوتوێ دەکات

سەرۆکی فەڕەنسا پەیوەندیی بە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریاوە کرد و سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکان گفتوگۆیان کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتی فەرەنسا ناوەرۆکی پەیوەندیەکی تەلەفۆنی نێوان ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لەگەڵ هەریەک لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە و ئەحمەد شرع، سەرۆکی کاتی سووریا لەبارەی دواین پێشهاتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا ئاشکرا کرد.

شەممە، ١ شوبات ٢٠٢٦، سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا ڕایگەیاندوە، ماکرۆن پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدە کردووە و بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسفی کردووە، هاوکات سەرۆکی فەرەنسا جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنە کردووەتەوە بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیری.

ماکرۆن هەروەها ڕایگەیاندووە کە گرنگی بە بەردەوامبوونی شەڕی داعش دەدات و پشتیوانی خۆی بۆ گەلی سووریا بە گشتی و کورد بە تایبەتی دەربڕی.

هەینی، ٣٠ کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دەقی رێککەوتننامە گشتگیرەکەی لەگەڵ حکوومەتی سووریا بڵاوکردەوە، کە تێیدا کۆتاییهێنان بە شەڕ و پرۆسەی یەکگرتنی تەواوەتی هێزە سەربازی و دامەزراوە ئیدارییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیەندرا.

News ID 226813

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha