ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی لە سوریا (ENKS) بە ئامادەبوونی محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، لە شاری قامیشلۆ کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ حزبەکانی نێو ئەنجوومەنەکە ئەنجام دا. لە بە یاننامەیەكی پێنج خاڵیدا هەڵوێستی خۆی لە بارەی ڕەوشی سووریاوە راگەیاند.
سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد، ئەنجوومەنەکە ڕایگەیاندووە کە پرسی کورد پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەستە بە ڕەگ و ڕیشەی دامەزراندنی دەوڵەتی سووریاوە. لەم چوارچێوەیەشدا، دەرچوونی مەرسوومی ژمارە ۱۳ لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە بە هەنگاوێکی سەرەتایی ئەرێنی وەسف دەکەن کە دەکرێت لەسەری بنیات بنرێت بۆ دەستوورێک کە هاوبەشی و یەکسانی مسۆگەر بکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەنەکەسە داوا، وەستانی دەستبەجێی شەڕ و پەنابردن بۆ گفتوگۆ لەنێوان هەسەدە و سوپای سووریا، هەڵگرتنی گەمارۆ و هەموو بەربەستەکان لەسەر شاری کۆبانێ بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان، مسۆگەرکردنی بەشداریی کارای کورد لە داڕشتنی ئایندەی وڵات لە ڕێگەی شاندی کوردیی هاوبەشەوە، پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ڕەتکردنەوەی وتاری ڕق و کینە و زامنکردنی گەڕانەوەی ئارامی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان کردووە.
هەروەها ئەنەکەسە سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوەکان دەکات بۆ گەیاندنی هاوکاری، هەروەها جەخت لە یەکڕیزیی هەڵوێستی کورد و ڕەتکردنەوەی تاکڕەوی لە بڕیاری سیاسیدا دەکاتەوە و داوا دەکات سووریایەکی دیموکراسی و لامەرکەزی بونیاد بنرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەنەکەسە پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی بارزانی دەربڕی و ڕایگەیاندووە" هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی دەروازەیەکی سەرەکی بوون بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ زیندووکردنەوەی ڕەوتی سیاسی و زاڵکردنی زمانی گفتوگۆ.
ئەم هەڵوێستەی ئەنەکەسە دوای ئەوە دێت کە وەزیری دەرەوەی سووریا پەیوەندی بە سەرۆکی ئەنجومەنەکەوە کردووە و داوای پێکهێنانی شاندی هاوبەشی لێکردوون بۆ سەردانی دیمەشق، ئەمانیش جەختیان لەسەر حکوومەتێکی نا ناوەندی و لادانی گەرمارۆی سەر کۆبانێ کردۆتەوە.
Your Comment