داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکرێت خۆیان لە شوێنی خۆپیشاندانەکان لە هەرێم  بەدووربگرن

کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر لە راگەیێندراوێکدا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی و داوا دەکات، خۆیان لە شوێنی خۆپێشاندان و گردبوونەوەکان بەدووربگرن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیێندراوەکەدا، کۆنسووڵخانەی ئەمریکا دەڵێت: چاودێریی بانگەوازی خۆپێشاندانەکان دەکات، کە لە هەولێر و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچن.

مەبەست لەو خۆپێشاندانە ئەوانەیە کە بۆ پشتیوانیکردن لە کوردستانی سووریا رێکدەخرێن. هۆشدارییەکە دوای ئەوە دێت، شەوی دووشەممە سەدان کەس لەبەردەم کۆنسووڵخانەکە داوایان کرد، ئەمریکا گوشار بکات بۆ وەستاندنی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە نزیکەکانی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان.

کۆنسووڵخانەکە هۆشداریی داوە، "ئەم جۆرە خۆپێشاندانانە دەکرێت بە خێرایی پەرەبسەنن و بگۆڕێن بۆ تووندوتیژی،" هەروەها دەبنە هۆی تێکدانی هاتووچۆ و خزمەتگوزارییەکان.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هۆشداریی ئەمریکا بۆ گەشتکردن بۆ عێراق وەکوو خۆی لە "ئاستی چوارەم"دا ماوەتەوە، کە دەڵێت "گەشت مەکە"، بەهۆی مەترسییەکانی تیرۆر، رفاندن، پێکدادانی چەکداری و ناسەقامگیری.

کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات، خۆیان لە شوێنی خۆپێشاندانەکان بەدووربگرن، ئاگاداری دەوروبەری خۆیان بن، خۆیان نەخەنە بەرچاو و بەردەوام چاودێریی میدیا ناوخۆییەکان بکەن بۆ زانینی دوایین پێشهاتەکان.

News ID 226769

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha