بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میدیای فەرمی یەکێتی لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ تۆمەتباران بەمەبەستی دادگاییکردن بەپێی ماددەی ۵۸ لە یاسای سزادانی عێراقی برانە بەردەم دادگا، کە پەیوەستە بە (ئیتفاقی جینائی) رێککەوتنی تاوانکاری، لەسەر داوای پارێزەرانی تۆمەتبار (لاهوور جەنگی بورهان و هاوەڵەکانی) کە داواکەیان ئاراستەی دادگای پێداچوونەوەی (تەمیز) هەرێمی کوردستان کردبوو و داوای پێداچوونەوەیان لەو دۆسیە کردبوو، لە بەرامبەردا بەمەبەستی وردبینی، دادگای تاوانەکانی سلێمانی دۆسیەکەی رەوانەی دادگای تەمیزی هەولێر کرد، تەنیا بۆ پێداچوونەوە بەو بڕیارانەی لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا دراون.
سەرچاوەکە یاساییەکە رەتیشیکردەوە، دۆسیەکە بەمەبەستی بڕیاردان و لێکۆڵینەوە، رەوانەی هەولێر کرابێت و رایگەیاند، تەنیا بۆ پێداچوونەوە رەوانەی دادگای پێداچوونەوەی (تەمیز) هەولێر کراوە. کە ئەمەش لە رووی یاساییەوە ئاساییە و بۆ هەموو کەیسێک دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، جگە لەم دۆسیەیە، تۆمەتبار (لاهور جەنگی بورهان و تۆمەتبارانی هاوەڵی)، بە دۆسیەیەکی دیکە تۆمەتبارن بەپێی ماددەی ۴۰۶ لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست لە دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی.
ئەمەش لە کاتێکدایە شادومان مەلا حەسەن ئەندامی باڵای بەرەی گەل بە میدیاکانی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندبوو، "دادگاى سلێمانى، بڕیاریداوه، دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی، بگوازرێتەوە هەولێر".
Your Comment