بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندی ئیمرالیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کاردانەوە بەرامبەر بە بڵاوبوونەوەی هەندێک بابەت لە میدیا چاپکراو و دیجیتاڵییەکاندا لەژێر ناوی "تێبینییەکانی دیدار"، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و هۆشداریی دا لە دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەم ناوەڕۆکانە. ئەم شاندە ڕایگەیاند کە ئەو تێبینییە بڵاوکراوانەی دەخرێنە پاڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بەبێ بەڵگەی ڕەسەنن و دەبنە هۆی شێواندنی دیدووبۆچوونەکانی ئەو و زیانگەیاندن بە پرۆسەی گفتوگۆ و چارەسەری پرسەکە.
بە نووسینی ئاژانسی هەواڵی هاوار، شاندی ئیمرالیی دەم پارتی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەندێک بابەت لە میدیا دیجیتاڵییەکان و ژمارەیەک لە میدیا چاپکراوەکاندا بە ناوی "تێبینییەکانی دیدار" ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بڵاوکردەوە.
لەو ڕاگەیەندراوەدا جەخت کراوەتەوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە هەندێک میدیا و تۆڕە دیجیتاڵییەکاندا بابەتگەلێک بە ناوی "تێبینییەکانی دیدار" بڵاوکراونەتەوە و بانگەشەی ئەوە کراوە کە ئەم تێبینییانە سەر بە "عەبدوڵڵا ئۆجەلان" ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)ـن.
شاندی ئیمرالی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕایگەیاند: «وەک چۆن پێشتریش چەندین جار ڕامانگەیاندووە، لە دەقێکی وەهادا بەبێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەکی ڕەسەن، هەندێک ڕستە دەخرێنە پاڵ کەس یان ژینگە جیاوازەکان و لە ئەنجامدا دیدووبۆچوونەکانی بەڕێز ئۆجەلان بە شێوەیەکی نادروست ڕەنگ دەدەنەوە. ئێمە جەخت دەکەینەوە کە هەوڵێکی وەها زیان بە پرۆسەی گفتوگۆ و چارەسەری پرسەکە دەگەیەنێت.»
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی دەم پارتیدا هاتووە: «بۆ جارێکی تر بە ڕوونی ڕایدەگەیەنێن؛ جگە لەو بەڵگە و دۆکیۆمێنتانەی لەلایەن شاندی ئیمرالی، ئەندامانی بنەماڵە و پارێزەرانەوە لە پەیوەندی بە بەڕێز ئۆجەلانەوە پێشکەش دەکرێن، نابێت هیچ کەسێک بایەخ بە هیچ بەڵگە، تێبینی یان زانیارییەک بدات کە خاوەن سەرچاوەیەکی فەرمی و جێی متمانە نییە.»
لە کۆتایی ئەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: «بۆ پێشخستنی پرۆسەی چارەسەری و بەردەوامبوونی گفتوگۆکان، زۆر گرنگە ڕای گشتی بەرامبەر بەم جۆرە ناوەڕۆکانە هۆشیار و بەئاگا بێت. هەروەها جەخت دەکەینەوە کە دەبێت هەموو لایەنەکان لەم بوارەدا بە هەستیاری و بەرپرسیاریەتییەوە ڕەفتار بکەن.»
Your Comment