بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەراگەیەنراوەکەی وەزارەتی بەرگریی عێراق ئاماژە بەوە کراوە، "وەزارەتی بەرگریی عێراق سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیروریستییە ترسنۆکانەیە دەکات کە یەکەیێکی سەربازیی عێراقی لەچوارچێوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە رێگەی چیای مەتینی پارێزگای دهۆک لەسەر دەستی گرووپی چەکداریی ناعێراقی رووبەڕووی بووەوە."
وەزارەتی بەرگریی عێراق، جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێزەکانی پێشمەرگە "بەشێکی دانەبڕاوە لە هێزە چەکدارەکانمان و هەر دەستدرێژییێک بۆ سەر ئەم هێزە رەتکراوەیە و قبووڵکراو نییە."
وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەوەشی گوتووە، "روونی دەکەینەوە کە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر خوێن و ئاسایشی عێراقییەکان، دەبێت بە سزای دادپەروەرانەی خۆی بگات."
وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیێندراوەکەیدا رایگەیاندوە، "دووپاتیشی دەکەینەوە کە هێزەکانی عێراق بە سەرجەم بەش و جۆرەکانییەوە بەرپرسە لە سەپاندنی سەروەریی نیشتمانی لەسەر تەواوی خاکی عێراق و رێگەپێدراوە بە بەرپەرچدانەوەی هەر پێشێلکارییێک، چی نێوخۆیی بێت یان دەرەکی و دەستدرێژیکار سزای خۆی وەردەگرێت."
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment