سوودانی و شاندی پارتی دوایین پێشهاتەکانی عێراقیان تاوتوێ کرد

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە شاندی پارتی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراق کرد و لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگی خێراکردن لە جێبەجێکردنی ئەرکە دەستورییەکان بەپێی کاتە دیاریکراوەکان کرایەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردە، محەمەد شیاع سوودانی پێشوازی لە شاندی پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، سکرتێری پارتەکە کرد و لە دیدارەکەدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی گشتی وڵات و گرنگی یەکخستنی هەڵوێستەکان لە نێوان هێزە نیشتمانییەکاندا کرا.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە میانەی کۆبوونەکەدا جەخت لەسەر کارکردن بە دیدگایەکی یەکگرتو کرایەوە کە یارمەتیدەر بێت لە پشتگیریکردنی بەردەوامیی پڕۆژەکانی گەشەپێدان و بونیاتنان و ئاوەدانکردنەوە، بە جۆرێک کە خواستەکانی گەلی عێراق بەدی بهێنێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سوودانی، جەخت لەسەر گرنگی خێراکردن لە جێبەجێکردنی ئەرکە دەستورییەکان بەپێی کاتە دیاریکراوەکان کرایەوە، بە مەبەستی بەردەوامبون لە جێبەجێکردنی بەرنامە چاکسازی و گەشەپێدانەکان لەپێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان.

شایانی باسە بەیانیی ڕۆژی سێشەممە، شاندی دانوستانکاری پارتی بۆ گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای لایەنە عێراقییەکان. 

شاندی پارتی لەلایەن فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و ئەندامەکانی پێکدێن لە فوئاد حوسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی، نەوزاد هادی ئەندامی مەکتەبی سیاسی، ئومێد سەباح ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا.

News ID 226659

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha