ڕووداوەکەی نزیک پاڵاوگەی لاناز درێژکراوەی پیلانی چەند دەستێکی دەرەکیە

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕووداوەکەی نزیک پاڵاوگەی لاناز درێژکراوەی پیلانی چەند دەستێکی دەرەکیە، بە فیتی هەندێک کەس و لایەنی ناوخۆیی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ماوەیەکە لە لایەن چەند دەستێکی دەرەکی و بە فیتی هەندێک کەس و لایەنی ناوخۆیی، هەوڵی نانەوەی ئاژاوە دەدرێت. نوێترین هەوڵی تێکدەرانە بە بەئامانجگرتنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەستی پێکرد کە مەبەست لێی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان سووتەمەنیی شلی وەک جێگرەوەی غاز بۆ دابین کردنی کارەبا بەکارهێنا، بە هاندانی ناوخۆیی و دەرەکی، کۆمەڵە کەسێکی ئاژاوەگێڕ ڕێگای تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی و هاوڵاتیانیان لە سنووری گوێڕ گرت و تەقەیان بە سەر خەڵک و رێبوارانی ئەو ڕێگایەدا کرد.

وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی قوربانییەکانەوە باسی لەوەکردوە، "لە ئەنجامی تەقەی ئەو کەسانەدا هاوڵاتییەک بوە قوربانی و گیانی لە دەستدا و ژمارەیەک کەسی تریش برینداربوون".

دەشڵێت، چیتر رێگە نادەین سوود لە نیازپاکیی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت و سنوورێک بۆ ئەو کارە تێکدەرانە دادەندرێت. بۆ ڕاگرتنی ئەو جۆرە ئاژاوەگێڕییانە، بەپێی یاسا بەرکارەکان لە هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ کەسانی ئاژاوەگێڕ دەکرێت و کەس لە سەروی یاسا نیە.

شایانی باسە نیوەڕۆی دوێنێ له‌ گوندی لاجان-ی نزیک گوێر له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر شه‌ڕ له‌ نێوان خه‌ڵکی ناڕازیی و هێزه‌ ئه‌منیه‌کان ڕوویدا ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە، کە دواتر هێزێکی زۆری ئەمنی ڕەوانەی ناوچەکە کرا.

هەروەها دوو ڕۆژ لەمەوبەریش دانیشتوانی گونده‌کانی ده‌وروبه‌ری گونده‌کانی هه‌ولێر خۆپیشاندانیان ده‌ستپێکرد و داوایانکرد ئه‌و پاڵاوگه‌ نایاساییانه‌ دابخرێن یاخود ئه‌و که‌سانه‌ی له‌وێ کارده‌که‌ن خه‌ڵکی گونده‌کان بن و دایانبمه‌زرێنن.

News ID 226539

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha