PKK: هێزەکانمان لە زاپەوە بۆ ناوچەیەکی گونجاو کشاندەوە

پارتی کرێکارانی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەو هێزانەمان کە لە زاپ بوون و مەترسیی شەڕیان لەسەر بوو کشاندمانەوە بۆ ناوچە جیاوازە گونجاوەکان و ئەمەش هاوکاریی چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی لە تورکیا دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ دووشەممە ۱۷ی تشرینی دووەم ، پارتی کرێکارانی کوردستان PKK ڕاگەیەندراوێکی بەناوی "بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەری ئازادی" بڵاو کردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی تەڤگەری ئازادیی کوردستان بەمشێوەیەیە:

"لە بەیاننامەکەی ٢٦ـی تشرینی یەکەمماندا کە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕاگەیاندرا و بە ئامادەبوونی ٢٥ گەریلامان کە لە سنوورەکانی تورکیاوە کشاونەتەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ڕامانگەیاندووە، کە لەو شوێنانەی مەترسی شەڕیان لەسەرە لەسەر سنوور، ڕێوشوێنی دژە شەڕ دەگرینەبەر. لەو کاتەوە بە پشتبەستن بەو کارانەی ئۆرگانەکانی پەیوەندیدار ئەنجامیانداوە، لە هەرێمی زاپ گەیشتووینەتە ئەنجامێکی گرنگ. لە ئێوارەی ١٦ـی تشرینی دووەم، هێزەکانمان لە هەرێمی زاپ کە مەترسی شەڕی تێدابوو کشانەوە بۆ ناوچە جیاوازە گونجاوەکان. لە دۆخی ئێستادا مەترسی شەڕ لە ناوچەی ئاماژەپێکراودا بە تەواوی نەماوە.

دوای کشانەوەی هێزەکانی گەریلامان بەهۆی مەترسی شەڕ لەناو سنوورەکانی تورکیاوە، ئەم خۆگونجاندن و کشانەوەیە لە هەرێمی زاپ بووەتە بەشدارییەکی پراکتیکی گرنگ لە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و ئیرادەی ئێمە بۆ پرۆسەکە نیشان دەدات. لەو باوەڕەداین کە ئەم هەنگاوە نوێیەمان خزمەت بە چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی و دیموکراتیزەکردنی تورکیا دەکات.

بە ڕێزەوە ئەم زانیارییانە بۆ ڕاگەیاندنەکان و ڕای گشتی بڵاودەکەینەوە، سڵاوی خۆمان ئاراستەی هەموو لایەنە پەیوەندییدارەکان دەکەین".

ئەمە لە کاتێکدایە،  عەبدوڵا ئۆجالان، لە ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کرد، لەو چوارچێوەیەشدا لە ٥-٧ـی ئایار، پەکەکە کۆنگرەی ١٢ـیەمینی خۆی ئەنجام دا و کۆتایی بە هەموو ئەو چالاکییانەی بەناوی پەکەکە و کۆتا بە ڕێبازی خەباتی چەکداریی هێنا.

هەروەها لە ١١ـی تەمووز، گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە لە ٣٠ گەریلای ژن و پیاو پێکهاتبوون و لەلایەن بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی گشتیی کەجەکەوە پێشەنگایەتی دەکرا، لە ئەشكەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی، لەبەردەم ڕای گشتییدا چەکەکانیان سووتاند، هەر لە چوارچێوەی بانگەوازییەکەدا، لە ٢٦ـی تشرینی یەکەم، گرووپێکی ٢٥ گەریلایی، بۆ ئەوەی شەڕ و پێکدادانیان دروستنەبێت لەو ناوچانەی کە مەترسییان لەسەر هەیە، لە سنووری تورکیاوە کشانەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستی مەدیا.

ئەو ناوچەیە پەکەکە ناوی ناوە زاپ، لە کاتێکدا خۆی ناوی زێیە و زێی گەورە لەوێ تێدەپەرێت. ئەم ناوچەیە لەدوای ئەنفال لەدوای و لەسالی ١٩٨٨ و لەدوای هێرشی سەدام بۆسەر بادینان چۆڵە و هەندێکجار خێزانە کۆچەرییەکان لە هاویندا روو لەو ناوچەیە دەکەن بەهۆی ئەوەی فێنکە و ئاوی زۆرە.

News ID 226462

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha