کوردپرێس: لە بەشی چوارەمی چاوپێکەوتنەکەدا کە لە ماڵپەڕی بیرۆکەی ئازاد (Ozgur Duşunceler) بڵاو کراوەتەوە، ئۆجەلان سەرنج دەخاتەسەر هەوڵەکانی ئاشتی، لێگەڕینی دانوستان و ڕووداوە سیاسییە بەردەوامەکان، ئەمەش نیشاندەری ئەو هێڵە بنەڕەتییەی ‘پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک’ـی ئۆجەلان و تەڤگەری ئازادییە کە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە بنەماکەی داڕێژراوەتەوە.
لە چاوپێکەوتنەکەدا، ئۆجەلان لە وەڵامی پرسیاری "گەر دەقێک بۆ ڕاوەستاندنی خوێنڕژاندنی پێشکەش بکرێت، ئایە ئێوە پەسەندی دەکەن و لە پێناو ئاشتییدا واژۆی دەکەن؟" وەڵامی ئۆجەلان بەم شێوەیەیە: "بێگومان واژۆی دەکەم. لێرەوە پێیان دەڵێم، بە هەموو جۆرێک بۆ ئاگربەستێکی بێ مەرج ئامادەین. لە ئێستادا گرنگ نییە کێ دەبێتە نوێنەری ئاشتی با ببێت، ڕاستڕەو بێت، ئیسلامی بێت بە دڵنیاییەوە پێشوازی لێ دەکەم. بە دڵ و گیان لە ئامێزی دەگرم و لەبەرچاوی دەگرم. چونکە ئەم شەڕە زۆر بەسەختی درێژەی هەیە، شەڕێکی مەترسیدار و تراژیدییە، بەشێوەیەک نموونەی نییە لە جیهاندا".
هەر لە قسەکانییدا ئۆجەلان ئاماژە بەوەدەکات بە چاوی دووژمنایەتی لە تورکیا ناڕوانێت، بۆیە ئەو شەڕەی لە ئارادایە زۆر سەخت دەکەوێتەوە و پەیوەست بە چارەسەرییەوە ئەمەی خستەڕوو: "کاتێک بیر لە مۆدێلێک بۆ تورکیا دەکەمەوە، ئەوە وەک چارەسەر هەر مۆدێلی حکومەتێکی فیدراڵ دەخەمەڕوو. بەڵام هەمیشە گوتوومە، پێویستە ئەنجوومەنێکی خۆبەڕێوەبەریی فیدراڵ بۆ کوردان بڕەخسێندرێت".
ئۆجەلان لە قسەکانییدا جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەمەش دژ بە حومکڕانیی ناوەندیی دەوڵەتیی نییە لە تورکیا و لە ڕوویی حوکمڕانی ناوەندییەوە دەوڵەتی ئەڵمانیا وەک نموونە هێناوەتەوە کە خاوەن حکومەت و ئەنجوومەنی فیدراڵی و هەرێمییە.
ئۆجەلان دەستنیشانی دەکات کە دەتوانرێت پەیڕەو لە جۆرە حوکمڕانییەک بکرێت کە هەندێک جیاوازتریش بێت و دەڵێت: "بۆ نابێت، ئەوەتا مۆدێلی بەلجیکا لە ئارادایە. مۆدێلی ئیسپانیا، مۆدێلی عەرەبی، ئەفریقا، ئەمریکا و چەندەها مۆدێلی دیکە هەیە. ئێوە باسی شێوازی حوکمڕانی دەوڵەتی ناوەندی دەکەن، بەڵام بەڕاستی لێیان تێناگەین. ئێوە دەوڵەتتان وەک بتێک لێ کردووە، بەڕاستی دەوڵەت دەبێت دیموکراتیک ببێت. پێویستە کەسەکان دەوڵەت لە بتبوون داماڵن. پێویستە واز لە فەلسەفی دەوڵەت-باوک بهێندرێت".
ئۆجەلان لە درێژەی سەرنجەکانی لەسەر چۆنییەتی حوکمڕانی و شێوازەکانی چارەسەری بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت: ئەم فەلسەفەیە مرۆڤەکان بچووک دەردەخات. بەڕاستی پێویستە مرۆڤ، لە بەرانبەر دەوڵەتدا بە گەورەی لە مرۆڤەکان بڕوانێت و گەورەیان نیشان بدات، بەڵێ تێزەکەم بەم جۆرەیە. با دەوڵەت بچوک ببێتەوە، مرۆڤەکان گەورە ببن. باشە؟ هەروەها با هەمووکەسێک بۆچوونی هەبێت، بەڵام با دیموکراسی بۆ هەمووان بێت. با هەر ڕەگەزێک ناسنامەی خۆی هەبێت. با هەر نەتەوەیەک کەلتوور و ناوی خۆی هەبێت. ئایا دیموکراسی هەر ئەمە نییە. هەر نکۆڵی لەوەدەکەن یەکگرتوو و ناوەندییە، نکۆڵییەکەت هیچ نییە و بچووکە. دەبێت کێ گەورە بێت، ئەو دەوڵەتە؟ ئایا ئەمە بە ئەقڵی مرۆڤدا دێت؟ ئایا دۆخی دەوڵەتە پێشکەوتووەکان بەم شێوەیە؟ بۆچی لەم شتە دەترسن. بە تایبەتی سیاسییەکانی تورک بۆچی ئاسۆکانیان هەندێک فراوان ناکەن. بە دیموکراتیزەکردنی دەوڵەت، بە فۆرمولەکردنی مرۆڤەکان، کەلتوور، ناسنامە، ڕەگەز و چین، دەوڵەت دابەش نابێت، لاواز نابێت، سەرلەنوێ بنیات دەنرێتەوە. ئایا تورکیا دژی ئەمەیە؟ دەمەوێت تاوتوێی ئەم پرسە بکەم.
هەوڵدەدرێت کورد لە نێو ئەمەدا بە ناسنامەی خۆی، بە مافە مرۆیی و دیموکراسییەکانیەوە بوونی هەبێت. ئەمە شتێکی جوانە. با تورکیا هەندێک لەمە تێبگات. بنچینەییترین هەنگاو لە بەردەم تورکیا ئەمەیە. هەربۆیە دەستوەردان لە سیاسەتی تورکیا دەکەم. ئەمە زۆر پێویستە. کەس بۆ سنوورەکانی تورکیا هیچ ناڵێت. دەبێت سوپاش لەم پرسەدا هەندێک تابۆ بشکێنێت. شەڕێکی ١٣ ساڵەی تاقیکردەوە، نەیتوانی لەناومان ببات. کاتێک ٣٠ کەس بووین، نەیتوانی لەناومان ببات. ئایا ئێستا دەتوانێت ئەوە بکات؟ زیاتر لە ١٠٠ گۆڕەپانمان هەیە. لە ناوخۆ، لە دەرەوە مەحاڵە. ئەگەر بمرم، ئەوان لەمن ترسناکتر ڕادەپەڕن. بە ڕوونی دەیڵێم.”
ئۆجەلان ئاماژەی بەوەشدا بۆ چارەسەری بە هیوایە و دەڵێت: "چونکە چارەسەرییم دەوێت و پێداگرم لەسەری".
Your Comment