بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد لە ئەمریکا لەگەڵ چەندین بەرپرس لەبارەی سووریا کۆبووەتەوە و "بەتایبەتی چۆن دەتوانرێت باشتر کێشەکانی سووریا لە باشوور، باکوور و شوێنەکانی دیکە بەڕێوەببرێن؟ چۆن کارەکان سەبارەت بە یاسای قەیسەر دەکرێن؟ دەرفەتی ئەوەمان هەبوو وردتر لەو بابەتانە وردبینەوە. بیروڕا و هەڵوێستمان لەو بارەیەوەخستەڕوو".
سەبارەت بە دیدار و کۆبوونەوەکانی لە واشنتۆن، هاکان فیدان وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و باسی لەوە کرد کە لەلایەن ئەمریکاوە بانگهێشت کراوە بۆ ئەنجامدانی دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ ڕوبیۆ و نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ستیڤ ویتکۆف و باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە و نوێنەری تایبەتی بۆ کاروباری سووریا، تۆم باراک و چەندین بەرپرسی دیکە لە کۆشکی سپی و، سەردانەکەشی هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی سەرکۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع بۆ ئەمریکا.
فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە لە دیدار و کۆبوونەوەکانیاندا بۆچوونە گشتییەکانی تورکیایان سەبارەت بە سووریا و دەرفەتەکانی هاریکارییان لەگەڵ ئەمریکا تاوتوێ کردووە و، دەرفەتی ئەوەیان هەبووە باسی زۆرێک لە بابەتەکانی پەیوەست بە گەشەپێدانی سووریا، یەکێتیی و پێکەوەژیان، ئارامیی و ئاسایشی ناوچەکە بکەن و، ڕایگەیاند: "بەتایبەتی چۆن دەتوانرێت باشتر کێشەکانی سووریا لە باشوور، باکوور و شوێنەکانی دیکە بەڕێوەببرێن؟ چۆن کارەکان سەبارەت بە یاسای قەیسەر دەکرێن؟ دەرفەتی ئەوەمان هەبوو وردتر لەو بابەتانە وردبینەوە. بیروڕا و هەڵوێستمان لەو بارەیەوەخستەڕوو".
ناوبراو ڕاشیگەیاند: "ئەگەر ئەو کێشانەی لێرە (لە سووریا) جا چ باکووری بێت، چ باکووری ڕۆژهەڵاتی بێت یان باشووری بێت بە ووریاییەوە بەڕێوە نەبرێن، ئەگەری هەیە کێشەیەک لە بارەی یەکپارچەیی هەرێمیی و خاکی هەموو وڵاتەکە بێتە ئاراوە. واتا ڕەنگە وڵاتەکە ڕووبەڕووی پارچە پارچەبوونی زیاتر ببێتەوە. بێگومان گرنگە کە ئەمریکاییەکان لەوە تێدەگەن".
Your Comment