پوتین خەڵاتی پوشکین دەبەخشێتە کۆمەڵناسێکی کورد

ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە کۆشکی سەرۆکایەتی وڵاتکەی (کرێملین)، خەڵاتی پوشکینی بەخشییە پرۆفیسۆر رەشاد میران، کۆمەڵناس و کەسایەتیی ناسراوی کورد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ سێشەممە، کە هاوکاتە لەگەڵ جەژنی ڕۆژی یەکگرتوویی نیشتمانی لە ڕووسیا، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە کۆشکی کرێملین، دابەشکردنی خەڵاتی دەوڵەتی ڕووسیای فیدراڵ بەڕێوەچوو کە لەلایەن ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی ئەو وڵاتەوە دابەش کران.

پرۆفیسۆر رەشاد میران، کۆمەڵناس و کەسایەتیی ناسراوی کورد یەکێک بو لەو کەسانەی کە خەڵاتەکەی پێدرا و لە وتارێکدا ڕایگەیاند، "شانازی بەو خەڵاتەکەوە دەکەم، که‌ هه‌وڵ و هاوکارییه‌کانم وه‌کو زانایه‌کی کۆمەڵناسی، له‌ فیدراسیۆنی ڕووسیا به‌ گرنگ و به‌رز نرخێندراوه‌. هەروەها له‌ نێوان کوردستان و ڕووسیا دا په‌یوه‌ندییه‌کی درێژخایه‌ن و پتەو هه‌یه‌".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمی خەڵاتی پوشکین: "دۆستانی دڵسۆزی ڕووسیا لە وڵاتانی جۆراوجۆرەوە خەڵاتیان پێ بەخشراوە کە یەکێک لەوان رەشاد میران، کەسایەتی ناسراوی کوردستانی عێراقە".

خەڵاتی پوشکین، کە بەناوی ئەلێکساندەر پوشکین، شاعیری گەورەی ڕوسیاوە ناونراوە، لە ساڵی ۱۹۹۹ـەوە پێشکەش بەو کەسایەتیانە دەکرێت کە لە بوارەکانی کولتوری، هونەری و زانستە مرۆڤایەتییەکاندا بەشداریی کاریگەریان لە لێکۆڵینەوە، پاراستن و بەناوبانگکردنی کولتوری ڕووسیادا هەبوە.

پڕۆفیسۆر ڕەشاد میران، یەکێکە لە ئەکادیمیستە دیارەکانی کوردستان و سەرپەرشتیی دەیان نامەی ماستەر و تێزی دکتۆرای خوێندکارانی بواری کۆمەڵناسی کردوە، خاوەنی چەندین کتێبیشە لەسەر بوارەکانی کۆمەڵناسی و ڕەوشی ئایینی و نەتەوەیی لە کوردستاندا، هەروەها یەکێکە لە وەرگێڕە لێهاتوەکان لە زمانی ڕوسییەوە بۆ زمانی کوردی.

News ID 226384

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha