بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشەممە، ۱۵ـی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۵، سەفا مەشهەدانی، کاندیدی هاوپەیمانی سیادەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی لکێنراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە کوژرا.
لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان گرتەی ڤیدیۆیی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی سەفا بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا دەرکەوتووە ئۆتۆمبێلەکەی لە یەکێک لە شەقامەکانی ناوچەی تارمییە ئاگری گرتووە.
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە، لە بارەی کوژرانی یەکێک لە کاندیدانی لیستەکەی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: بە دڵێکی خەمبار و پڕ لە ئازار و توڕەیی، بە هاووڵاتیان ڕادەگەیەنین، برای خۆشەویستمان سەفا مەشهەدانی یەکێک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانی سیادە و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، بە دەستیێکی ڕەش تیرۆر کرا.
خەمیس خەنجەر گوتیشی: ئەم ڕووداوە نوێیەش لە لیستی ئەو ڕووداوانەیە کە پێشووتر بەرانبەر بە دەنگە جیاوازەکانی نیشتمانەکەمان لە سەر دەستی تیرۆریستان ئەنجامدراوە.
هەر لە درێژەی ئەم ڕووداوانەدا هێرش کرایە سەر نووسینگەی هاوپەیمانی عەزم و موسەننا عەزاوی، کاندیدی هاوپەیمانی عەزم، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی نووسیویەتی: بە توندی ئیدانە و شەرمەزاری ئەو هێرشە ترسنۆکانە دەکەین کە کرایە سەر نووسینگەکەمان لە شارۆچکەی یووسفیە و بووە هۆی برینداربوونی یەکێک لە براکانمان.
ئەو کاندیدە دەڵێت: ئیدانەی ئەو کارانەی دوای هێرشەکەش دەکەین، وەک وێنەگرتن، ناوزڕاندن، هەڕەشە و هەوڵی سوکایەتیکردن، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕەوشت و بەهاکانەوە نییە.
هەروەها دووپاتی دەکەینەوە، ئەم کارە نامۆیانە ناتوانن لە خزمەتکردنی کەسوکارمان و وەستان لەگەڵیاندا بەوپەڕی دڵسۆزی و بەرپرسیارێتییەوە، ساردمان بکەنەوە.
باوەڕێکی پتەومان هەیە کە یاسا لە سەرووی هەمووانەوەیە و هێرشکاران زوو یان درەنگ سزای کردەوەکانیان وەردەگرن.

لەلایەکی دیکەوە هەر لە عێراق، سەرچاوەیەکی ئەمنیی ڕایگەیاند: ئاگر لە نووسینگەی یەکێک لە کاندیدانی هەڵبژاردن لە ناوەڕاستی بەغدا کەوتووەتەوە، بەڵام بە خێرایی ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە.
سەرچاوەکە بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە، ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکارەکەی شۆرتی کارەبا بووە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ۱۶ـی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۵، مەحما خەلیل ئاغا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا گوتی: کاتژمێر ۱۲:۰۰ شەو لە حەوشەی نووسینگەکەی لە شارۆچکەی شنگال، کۆمەڵێک کەسی نەناسراو کە هەڵگری ئایدۆلۆژیای داعشن، پۆستەر و وێنەی مەحما خەلیل کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان سووتاند.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: ئیدانەی ئەم کارە ترسنۆکانە دەکەین، دووپاتی دەکەینەوە کەئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەم گرووپە تیرۆریستییانە بەم دڵسۆزییە ڕازی نین، نوێنەرەکە لە ماوەی ۲۰ ساڵی ڕابردوودا لە دوای چوونە ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە نیشانی داوە.
Your Comment