حکوومەتی عێراق بەدواداچوون بۆ بڕیارەکانی گەنجینەی ئەمریکا دەکات سەبارەت بەسەپاندنی سزاکان

حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند ئەو کارە تاکلایەنەی خەزێنەی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر کۆمپانیای موهەندیسی گشتی پێشینەیەکی نەرێنیە لەمامەڵەی وڵاتانی هاوپەیمان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، باسم عەودای، وتەبێژی حکوومەتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، حکوومەت لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ بڕیارەکانی ئەم دواییەی گەنجینەی ئەمریکا دەکات سەبارەت بەسەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر کۆمپانیای موهەندیسی گشتی و هەندێک قەوارەی دیکەدا، بە تۆمەتی پەیوەندییان بەو قەوارانەی کەوتونەتە ژێر ڕێکاری یاسایی ئەمریکاوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەتی عێراق بۆ ئەم کارە تاکلایەنە بەداخە و بە ناتەبای دەزانێت لەگەڵ گیانی دۆستایەتی و رێزگرتنی یەکتر، کە لە مێژە تایبەتمەندی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات بووە، گرتنەبەری بڕیارێکی لەو شێوەیە بەبێ ڕاوێژ یان گفتوگۆی پێشوەختە، پێشینەیەکی نەرێنیە لە مامەڵەی وڵاتانی هاوپەیمان.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، عێراق داوا لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی دەکات کە لە پێشەنگییان ئەمریکایە، هاوکاری بکەن لە ئاڵوگۆڕی زانیاری تەکنیکی و بانکیدا، بەتایبەتی لەگەڵ پرۆسەی چاکسازیی پەیکەری گشتی سیستەمی بانکی و دارایی عێراق کە ئەم حکوومەتە ئەنجامی داوە.

ناوبرا ئەوەشی خستەڕوو: سەرۆکی حکوومەت ڕێنمایی پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای نیشتیمانی کرد کە لە نوێنەرانی وەزارەتی دارایی و دەستەی باڵای وردبینی و دەستەی دەستپاکی و بانکی ناوەندی پێکدێت، بۆ پێداچوونەوە بەو پرسە پەیوەندیدارەو راپۆرت و راسپاردەکانی لە ماوەی ۳۰ ڕۆژدا پێشکەش بکات، بۆ گرتنبەری رێوشوێنی یاسایی و کارگێڕی پێویست.

وتەپێژی حکوومەتی عێراق باسی لەوەش کرد: سەرۆک وەزیران جەختی لە بەرپرسیارێتی دەوڵەت کردوتەوە لە پاراستنی مامەڵەکارانی مەدەنی و پڕۆژە گرنگەکانی پەیوەست بەو کۆمپانیایانە و دڵنیابوون لە بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکان بەبێ پەککەوتن و دڵنیابوون لەوەی کە هەر رێوشوێنێکی ڕاستکردنەوە کاریگەری لەسەر مافی هاوڵاتیان یان مامەڵەکاران نەبێت کە پەیوەندییان بەو چالاکییانەی نییە کە لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

باسم عەودای ڕوونیشی کردەوە: حکوومەت بەدواداچوون بۆ ئەو بانگەشانە دەکات بەئامانجی پتەوکردنی ئاڕاستەی چاکسازیی دامەزراوەیی و ئابووری و پاڵپشتی کردن لە دروستکردنی متمانە لەنێوان هاوڵاتیان و دەوڵەت و چەسپاندنی چەمکی بونیادنانی دامەزراوە نیشتمانییەکانی دەوڵەت.

News ID 226246

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha