بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا "دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان، پڕۆسەی سیاسیی وڵات، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و، دۆخی ناوچەکە تاوتوێ کران".
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەردوولا جەختیان لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، بەتایبەت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، کردەوە. هەروەها دووپاتیان کردەوە کە "تەبایی و هاوکاریی نێوان لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی وڵات زۆر گرنگە".
Your Comment