هەموو ڕێوشوێنێک دەگرینەبەر بۆ ئەوەی پێشێلکارییەکانی سەر ئاسمانی عێراق دووبارە نەکرێتەوە

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایدەگەیێنێت کە هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرنەبەر بۆ ئەوەی ئیسرائیل پێشێلکارییەکانی بۆ سەر ئاسمانی عێراق دووبارە نەکاتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە بەغدای پایتەختی عێراق پێشوازیی لە مەجید میرئەحمەدی، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی هێزە چەکدارەکانی ئێران و شاندی یاوەری کرد.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی ئەعرەجی لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە پرسی ئەمنی و هەڕەشەکانی بەردەم ناوچەکە بەگشتی، و پرسەکانی بەرژەوەندی هاوبەش و ڕێوشوێنەکانی هەردوو وڵات بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری نێوانیان، لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش، کە بەشێکی لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە ئەمنییەیە کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە،  کراوە.

هەروەها گفتوگۆ و بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد لەسەر ئەو ڕێوشوێنانەی کە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

لە بەیاننامەکەدا لە زاری ئەعرەجیەوە هاتووە: هەڵوێستی عێراق ئاشکرایە و بەڵێن دەدەین ناهێڵین وڵاتەکەمان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، لەوانەش کۆماری ئیسلامی ئێران، بەکار بهێندرێت.

دووپاتی کردەوە کە عێراق سکاڵایەکی فەرمی لە دژی ئیسرائیل لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تۆمار کردووە بەهۆی بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، هەروەها دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی عێراق بە نوێنەرایەتی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشێکی لەو شێوەیە.

News ID 226181

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha