فەرزاد خوسرەوی، سەرپەرشتیاری دامەزراوەی کشتوکاڵی قەسری شیرین رایگەیاند: پرۆسەی لێکردنەوەی خورما لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولەوە دەستیپێکردووە و تاوەکوو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆی چوار هەزار هێکتار باخی قەزاکە، هەزار و ۵۰ هێکتاری تایبەتە بە بەرهەمهێنانی خورما.
خوسرەوی جەختی کردەوە، قەسری شیرین پێشەنگی شارەکانی کرماشانە لە بەرهەمهێنانی خورمادا و خورماکەی بە کوالێتیی باش و تامی تایبەت ناسراوە. گوتیشی: "نزیکەی ۳۰%ـی خورمای قەسری شیرین هەناردەی عێراق دەکرێت و بەشەکەی دیکەی لە بازاڕەکانی ناوخۆی ئێراندا ساغ دەکرێتەوە".
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران، لە ساڵی ۲۰۲۴دا یەک ملیۆن و ۶۶۰ هەزار تۆن خورما لە ئێران بەرهەمهاتووە. بەپێی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی (FAO)، میسر بە بەرهەمهێنانی یەک ملیۆن و ۸۰۰ هەزار تۆن پلەی یەکەمی جیهانی گرتووە و ئێران و سعوودیەش رکابەری لەسەر پلەی دووەم دەکەن.
Your Comment