ئـەمن پیشنیارێکم هەیە تکاتان لێدەکەم لێم قەبوڵکەن،
ئەوانیش دەڵێن: ڕای تۆ هەرچی بێت ئێمە ملکەچین، ئەویش دەڵێ هەستن، هەر ئاوا بە کۆمەڵ بڕۆین بۆ ماڵی سەید عەبدوڵای بێهبەهانی با که سیش نەزانێت، ددان بـەجەرگی خۆماندا بنێین و ڕقو کینە وەلانێین. ئەوپەڕەکەی ئەوان دەرگامان لێناکەنەوە و دەگەڕێینەوە. با ئێمە کاری خۆمان کردبێ، زۆربەی ئەوانەی لەوێ دەبن ڕازی دەبن لە سەعات یانزە دەڕۆن و دەگەنە بەردەرکی سەید عەبدوڵای بێهبەهانی، لە دەرگای دەدەن، دێن دەڵێن کێیە؟
سەید محمد دەڵێت بە سەید عەبدوڵا بڵێ تەباتەباییە و دەڵێ هاتوم دژایەتی و ناکۆکی بنێینە گۆڕەوە و پەیمانی برایەتی ببەستین.
کاتێک ئەو هەواڵە بە سەید عبدوڵا دەدەن، فەوری بەخۆی و ئەوانەی لەوێ دەبن دێن بە پێشوازیانەوە، لە بەردەرگا دەستەملان دەبن، بە خۆشییەوە دەچنە سەرێ و لەوێ پەیمان دەبەستن لەسەر ئەوە کە لەمە بە دواوە هەردووک ڕابەر و زانایانی ئاینی تاران و پیاوانی باوەڕپێ کراو، کۆ ببنەوە و هەموویان دژی دام و دەزگای پاشایەتی شۆڕشێک وەڕێ خەن.
بۆ سبەینێکەی هەردوولا بە یەکەوە یەک دەنگ لە تاران، خۆپیشاندان دەڕازێننەوە و دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان دەگەێننە گوێی شا و دەزگا حکومەتییەکان. دیارە حکومەت، سەرەتا لە بەرامبەریان وێستا و پۆلیس و قەزاقی بۆ سەرکوتیان تەیارکرد. بەڵام خەڵکی تاران و زۆربەی سیاسەتوانەکانئ ئەوکات، هاودەنگ دەبن و درێژە بە ناڕەزایەتییەکان دەدەن. لە ڕێپێوانێکدا لە نێو شاری تاران بۆ یەکەمجار فەقێیەک بە نێوی سەید عەبدولحەمید دەکوژرێ، خەڵکی تاران تەرمی ئەو فەقێیە دەخەنە سەر شان و دەیگێڕن. لە پڕ تاران دەشڵەقێ و خەڵک هەموو هەڵدەستن.
ماوەی هەشت مانگ ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە درێژەیان دەبێت و دەسەڵات گوێ ناداتە داواکارییەکانیان. بەڵام ئەوان لەسەر خواستەکانی خۆیان بەردەوام دەبن و پێ دادەگرن. بەتایبەت لەسەر دوو داواکارییان کە بریتی بوون لە:
یەکەم/ کردنەوەی عەداڵەتخانە( دادگوستەری)، چونکە تا ئەوکات دادگا و دادگوستەری لە ئێران نەبو، حکومەتێکی ملهوڕ هەبوو، شاو وەزیران کێیان بکوشتبایە یان کێیان بەخشیبایە هەر ئەوەبوو.
دووهەم/ پەرلەمان شورای نوێنەرانی خەڵک تا ئەو کاتە لە ئێراندا نەبوو، تەنانەت لە ئەورووپاش، هەرچەندە ئینگلیس، دەوڵەت و ئەنجومەنی نوێنەرانیان هەبوو. ئەو وەختە بەریتانیا بە بێشکەی دیمۆکراسی دەناسرا. ئاخیرییەکەی وای لێهات، زۆربەی زانایانی تاران چوون لە شا عەبدولعەزیز مانیان گرت و دانیشتن کە پێیان دەگوت:"بەست"
ئەم کارە بۆ موزەفەرەدین زۆر گران تەواو دەبوو، هەر بۆیە ناچار بوو بۆخۆی فەرمانی دا بە درۆشکە تایبەتەکانی دەربار، چوون زانایانی ئاینییان لە شا عەبدولعەزیز بەڕێزەوە هێناوە. ئەمجارە شا داواکارییەکانی ئەوانی قەبووڵ کرد و مەنشوری دێموکراسی ودانانی عەداڵەتخانە و پەرلەمانی لە ڕێکەوتی ۱۴ی گەلاوێژی ۱۳۲۴ ی کۆچی مانگی ئیمزا کرد.
دوای ئەوە لە زۆربەی شارەکانی ئێرانەوە نوێنەر بەشێوەیەکی عورفی ڕەوانەی تاران کران. خەڵک ئەوەندە بەو دەسکەوتە دڵخۆش بوون، جگە لە نوێنەرەکان لەهەر شارێکەوە پازدە بیست کەس کەیخودا و دەمڕاست و باوەڕپێکراویش لەگەڵیان چوونە تاران، لە پەرلەمان شەو و ڕۆژ لەگەڵیان بوون، دەیانپاراستن.
کاتێک زانایانی ئاینی لە پێناو خوداو میللەتدا یەک دەگرن، سەرئەنجامی کارەکانیان ئاوا دەبێت، بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان چەندین بەناو مەرجەعی ساختە دروستکراون و نەک یەک ناگرن بۆ سودی گەل، بگرە هەندێکیشیان بون بە پاڵپشتی دەسەڵات لە دژی میللەت.!
Your Comment