بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندی مەسەدە لە کۆنفرانسی ساڵانەی پارتی کرێکارانی لیڤەرپوول بەشداری کرد، کە لە بەریتانیا دەسەڵاتدارە. کۆنفرانسەکە کە سەرکردەی پارتە سیاسییەکان، پەرلەمانتاران، نوێنەرانی سەندیکا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بە کۆی گشتی نزیکەی ٢٠ هەزار کەس تێیدا بەشداربوون، تاوەکو ١ـی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت. لە کۆنفرانسەکەدا کە گەورەترین کۆبوونەوەی ساڵانەی پارتەکەیە، گفتوگۆ لەبارەی کاروباری سەرەکی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە دەکرێت.
هاوسەرۆکی پەیوەندییە گشتییەکانی مەسەدە، حەسەن محمد عەلی لە کۆنفرانسەکەدا نوێنەرایەتی کرد. عەلی لەگەڵ شاندەکەدا هەم لە چوارچێوەی کۆنفرانسەکە و هەم دەرەوەی کۆنفرانسەکە، هەندێک دانوستانی لە ئاستی باڵادا ئەنجامدا.
حەسەن محمد عەلی لە لیڤەرپوول لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کیێر ستارمەر کۆبوونەوەی ئەنجام دا و پەیامی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، مەزڵووم عەبدی-ی پێ ڕاگەیاند.

لە پەیامەکەییدا، مەزڵووم عەبدی داوای لە دەوڵەتی بەریتانیا کردووە، کە لە دامەزراندنی سووریا و داهاتووی ئاشتیی ناوخۆییدا ڕۆڵی پێشەنگایەتی ببینێت.
هەروەها شاندەکە چاویان بە وەزیری بەرگریی بەریتانیا، جۆن هیڵی کەوت و هەڵسەنگاندنیان بۆ هەوڵەکان بە مەبەستی گەیشتنە لێکتێگەیشتن لەگەڵ حکومەتی کاتیی دیمەشق و پرسە ئەمنییەکانی سووریا کرد.
لە کۆنفرانسەکەدا شاندی مەسەدە لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتی کرێکاران سام کارلینگ و دیێردری کۆستیگن کۆبوونەوە. لەو کۆبوونەوانەشدا باسی دوایین پێشهاتەکانی سووریا، گرنگیی بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی و ڕێکەوتننامەی ١٠ـی ئادار کرا.
هاوکات شاندەکە بەشدارییان لە کۆبوونەوەیەک بە سەرۆکایەتیی ئەندام پەرلەمان و هاوسەرۆکی گرووپی دۆستایەتیی لەگەڵ کورد لە پەرلەمان (APPG on Kurds) پیتەر لامپ کرد، کە لەلایەن نوێنەرایەتیی مەسەدە لە بەریتانیاوە ڕێکخرا.
لە کۆبوونەوەکەدا پەرلەمانتارانی پارتی کرێکاران، بامبۆس چارالامبۆس، وتەبێژی هەڵمەتی 'ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان' و بەڕێوبەری نێونەتەوەیی سەندیکای UNITE سایمۆن دوبنس و ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی لەندەن، محمد بەختیار کە خەڵکی هەرێمی کوردستانە، قسەیان کرد.
عەلی لە کۆبوونەوەکەدا قسەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، کە سووریا دوای زیاتر لە ١٠ ساڵ شەڕ بە پرۆسەیەکی چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت، بە ملیۆنان کەس لە ماڵوحاڵی خۆیان ئاوارەبوون، سەدان هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و ژێرخانی وڵاتەکە بەتەواوی ڕووخا.
حەسەن محمد عەلی وتی: "سەرەڕای چەشتنی ئەو ئازارانە، ئیرادەی گەلی سووریا زۆر بەهێزە" و ئاماژەی بەوە کرد، کە ناوەندیبوونی ڕەها هۆکاری سەرەکیی ستەم و کۆمەڵکوژییە لە هەموو کۆمەڵگەکان. عەلی بۆردومانکردنی کڵێسای سانت ئیلیاسی لە دیمەشق وەک نموونەی ئەمە هێنایەوە.
عەلی تیشکی خستە سەر ڕێکەوتننامەی ١٠ـی ئاداری نێوان سەرۆکی حکومەتی کاتیی دیمەشق ئەحمەد شەرع و فەرماندەی گشتیی قەسەدە مەزڵوم عەبدی. عەلی ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم ڕێکەوتننامەیە هەنگاوێکی دامەزرێنەرە کە دەرگا بە ڕووی دەوڵەتێکی نوێی ناناوەندی و دوو پەرلەماندا دەکاتەوە. کۆتایی بە یەکدەستیی دەسەڵات دەهێنێت و ڕێگە خۆشدەکات بۆ پرۆژەیەکی نەتەوەیی گشتگیر.
هەروەها ئاماژە بەوە کرا، کە شانشینی یەکگرتوو بە دەستەبەرکردنی گەرەنتییە دیپلۆماتیک و سیاسییەکانی پرۆسەی دانوستاندن، دەتوانێت زەمینەیەکی نێونەتەوەیی بۆ ڕێککەوتنەکە بڕەخسێنێت. نوێنەری مەسەدە وتی، "دوو ڕێگەمان لەبەردەمە: کایۆس یاخود سووریایەکی نوێی دیموکراتیک، گشتگیر، ناناوەندی. ئێمە ڕێگەی سووریایەکی نوێمان هەڵبژاردووە و لەو باوەڕەداین، کە شانشینی یەکگرتووش لەم داهاتووەدە دەتوانێت ببێتە هاوکارێکی یەکلاکەرەوە."
پەرلەمانتاری پارتی کرێکاران بامبۆس چارالامبۆسیش ئاماژەی بەوە کرد، کە پێویستە سووریایەکی دوور لە تیرۆر دابمەزرێنرێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە پشتگیری لە قەسەدە بکرێت، ئارامیی وڵات مسۆگەر بکرێت و ڕێگری بکرێت لە گەڕانەوەی داعش. سایمۆن دوبنسیش ڕایگەیاند، کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری مۆدێلێکی دیموکراتیکی گشگیر پێشکەش دەکات، کە یەکسانیی ڕەگەزیی کۆمەڵایەتیی بەهێز دەکات و ئەو فیداکارییەی بیرهێنایەوە کە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە تێکۆشان دژی تیرۆردا کردی.
Your Comment