دیواری کۆنکرێتی ڕووبەری سنووری عێراق – تورکیا – سووریا دەگرێتەوە

ڕۆژی یەکشەممە میدیای نزیک لە پەیەدە بڵاوی کردەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیواری کۆنکرێتی لە سنوورەکانی خۆی بەگەڵ کوردستانی سووریا دروست دەکات، بەڵام فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق گوتی، کارەکانی تایبەت بە دانانی دیواری کۆنکرێتی لەلایەن فەرماندەییەکەی ئەوانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ دووشەممە، ۲۹ـی ئەیلوولی ۲۰۲۵، عەمید حەیدەر کەرخی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق بە ڕووداوی راگەیاند: "دانانی دیوارە کۆنکرێتییەکان لە سنوورەکانی کوردستانی سووریا و سووریا لەلایەن فەرماندەیی پاسەوانی سنوورەوە سەرپەرشتی دەکرێ".

بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق زیادی کرد: "پلانەکە بەو جۆرەیە کە لە سنووری رەبیعەوە بۆ پێشابوور و سەرجەم سێگۆشەی سنووری نێوان عێراق – تورکیا – سووریا بە دیواری کۆنکرێتی تووند و تۆڵ بکرێ".

عەمید حەیدەر کەرخی ئاماژە بەوەش دەکات: "بۆ دانانی دیوار و پرۆسەکانی چاودێری کردنی سنوورەکانی تورکیا و بەشێکی سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا، هاوئاهەنگی تەواومان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە".

ئەمە لە کاتێکدایە، میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دوێنێ یەکشەممە بڵاویکردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان خەریکی دانانی دیوارێکە بە بەرزیی ۳ مەتر و پانی ۷۵ سانتیمەتر لە سنووری هەرێمی کوردستان و کوردستانی سووریا.

عێراق لەگەڵ تورکیا ۳۳۵ کیلۆمەتر، لەگەڵ سووریا ۶۱۸ کیلۆمەتر و لەگەڵ ئێران بە ڕووبەری هەزار و ۴۲۰ کیلۆمەتر سنووری هەیە.

News ID 226165

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha