بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەر، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەری " المجلة" ڕایگەیاندووە: سیستەمی نا ناوەندی لە سووریا بە پێویستی دادەنرێت لە قۆناغی راگوزەردا، بۆ تێپەڕاندنی ئەزموونەکانی ڕژێمی پێشوو، کە شوناسە ناوخۆییەکانی سڕییەوە.
ناوبراو دەشڵێت: پەسەندکردنی سیستەمی نا ناوەندێتی تەنها بۆ پاراستنی یەكپارچەیی وڵات نییە، بەڵکوو بۆ دابین کردنی گەرەنتی ڕاستەقینە بۆ هەموو سوورییەکان بە جیاوازی پێكهاتەكانیانەوە و دوورکەوتنەوە لە دووباركردنەوەی هەڵەکانی سیستەمی ناوەندی.
ئیلهام ئەحمەد دەشڵێت: ئیدارەی خۆسەر لە میانی دانوستان لەگەڵ حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا، دیدێکی ڕوونی بۆ سیستەمی نا ناوەندێتی خستووەتەڕوو.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەر پێشی وایە: ئەم دیدگایە خۆی لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لەنێوان حکومەتی ناوەند و پارێزگارەکان دەبینێتەوە، كە یەكێكیان بوونی دوو ژوورە لە پەرلەمان، یەکێکیان نوێنەرایەتی گەل و ئەوی دیکەیان نوێنەرایەتی پارێزگارەکان دەكات.
ناوبراو وتیشی: وێڕای زامنکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایک و نوێنەرایەتی سیاسی بۆ ژنان لە ناوەندەكانی بڕیاردان.
ئیلهام ئەحمەد جەختی کردەوە: ئەم دیدگایە یەکێکە لە دوو خاڵە دیارەی ناكۆكی سەرەكییە لەگەڵ دیمەشق، هاوشانی پەیوەندییەکانى داهاتووى هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای سووریا.
ناوبراو وتیشی: لەناو ئەو پێشنیازانەدا کە خراوەتەڕوو، مەزڵووم عەبدی یان یەکێک لە سەرکردەکانی هێزەكانی سووریای دیموكرات پۆستی سەرۆکی ئەرکانی سوپای سووریایان وەزیری بەرگری وەربگرێت.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسە دەشڵێت: ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێکی وردە وردە بۆ تێکەڵکردنی هێزەکان بۆ ناو سوپای سووریا.
ناوبراو ڕاشیگەیاندووە: گومانم هەیە لە وردی گواستنەوەی قسەكانی ئەحمەد شەرع، لەبارەی ئەوەی وتبێتی ئەگەر نەگەینە لێکتێگەیشتن تورکیا هێرش دەكاتە سەر هێزەكانی سووریای دیموكرات.
Your Comment