بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک، چاوی بە مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران کەوتووە و هەردوولا جەختیان لە زیاتر برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغداو تاران کردووەتەوە.
هەروەها ڕاشیگەیاندووە: لە کۆبوونەوەکەدا بەپێویست زانراوە کاری جددی لە ئاستی نێودەوڵەتی بکرێت بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ململانێکان، بەتایبەتیش کۆتاییهێنان بە برسیکردنی خەڵکی غەززە و دەستدرێژییەکان بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە کە لە چوارچێوەی کارکردندان بۆ تێکدانی ئارامی ناوچەکە.
ئەوەشخراوەتەڕوو: "هەر لەو کۆبونەوەیەدا جەختکرایەوە لەسەر پەلەکردن لە رزگارکردنی گەلی فەلەستین لەو نەهامەتییە مرۆییەی لە کەرتی غەززە تێیکەوتووە".
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق باسی لەوەش کرد، هاوکات باس لە گرنگی رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە کرا، کە ئاسایش و ئارامی ئەم ناوچەیە دەخاتە مەترسییەوە.
Your Comment