بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دەمێکە حکوومەتی ماوەبەسەرچوو بەحیساب باسی ڕێکەوتن دەکات لەگەڵ بەغدا، لێرەوە بە ڕوونی بە خەڵکی کوردستانی ڕادەگەیەنین کە ئەمە سەرتاپا شانۆگەرییە و خۆڵکردنە چاوی هاوڵاتیانە، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، حکوومەتی ماوەبەسەرچوو دەیەوێت پێش هەڵبژاردن هەرچۆنێک بێت وا پیشانی بدات رێکەوتن دەکات، یاخود مووچەیەک یان دوو مووچە دابەش بکات، ئەویش بۆ ساردکردنەوەی هاوڵاتیان و هەوڵێکە بۆ خۆڵکردنە چاوی مووچەخۆران".
نەوەی نوێ دەشڵێت: "دڵنیا بن دوای هەڵبژاردن ئەگەر پارتی و یەکێتی ئەم کورسییانە بەدەستبهێننەوە و خەڵکیش نەچن بۆ دەنگدان، ئەوە دۆخی خەڵک و مووچەخۆران لە ئێستا زۆر خراپتر دەبێت و حکوومەتی ماوەبەسەرچوو پابەندی هیچ ڕێکەوتنێک نابێت لەگەڵ بەغدا، هەروەک چۆن پێشتریش پابەندی هیچ کام لە رێکەوتنەکانی پێش هەڵبژاردن نەبووە و دوای هەڵبژاردن پەشیمان بووەتەوە".
نەوەی نوێ وتیشی: "داواکارین لە هاوڵاتیانی بەڕێز و مووچەخۆرانی ئازیز کە ئیتر بەسە باوەڕکردن بە درۆکانی دەسەڵات، بۆیە زۆر گرنگە بە گڕوتینەوە لە ڕۆژی ١١/١١ بچن بۆ دەنگدان و دەنگ بە نەوەی نوێ بدەن تا لە ڕێگای بەشداری کردنمان لە حکوومەتی داهاتووی عێراق چارەسەری یەکجارەکیی مووچە بە تەوتین کردن ئەنجام بدەین".
Your Comment