بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆبوونەوەکەدا کە بە سەرۆکایەتیی سام دەرمۆ، سەرۆکی دامەزراوەی ئاشوورییەکان لەپێناو دادوەریدا، بەڕێوەچوو، گفتوگۆیەکی کراوە لەبارەی رۆڵ و پێگەی ئاشوورییەکان و داهاتوویان لە هەرێمی کوردستان کرا. شاندەکە لە ژمارەیەک کەسایەتیی دیاری کۆمەڵگەی ئاشووریی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا پێکهاتبوو.
شاندی میوان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی، "بەهۆی ئەو ژینگە ئارام و پڕ لە پێكهوهژیانە، كه بۆ پێکهاتە جیاوازەکان فەراهەم کراوە. هەروەها، ئاماژەیان بەوەدا کە هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە وەک پەناگەیەک بۆ ئاشوورییەکان و پێکهاتەکانی دیکە بووە و هەمیشە پاڵپشتیان بووە".
لەلایەن خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکە دەربڕی و بە هەنگاوێکی گرنگی وەسف کرد بۆ پتەوکردنی کاری هاوبەش. سەرۆکی هەرێم جەختی لەسەر سیاسەتی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان کردەوە لە پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان و چەسپاندنی کولتووری پێكهوهژیان. هاوکات، ستایشی رۆڵ و بەشداریی ئاشوورییەکانی لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا لە هەرێمی کوردستان کرد.
یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، گرنگیی ئامادەیی و بەشداریی ڕەوەندی ئاشووری و پێکهاتەکانی دیکە بوو لە ئەمریکا و وڵاتانی دەرەوە، بۆ گەیاندنی دەنگیان و بەدەستهێنانی پشتگیریی نێودەوڵەتی.
Your Comment