بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی سانا بڵاوی کردەوە ئەحمەد شەرع، لە میانەی چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا بۆ کەناڵی "ئەخباریە"ی سووریا ڕایگەیاندووە: ئیسرائیل دەیویست سووریا ببێتە گۆڕەپانی ململانێ لەگەڵ ئێران و یەکلاکردنەوەی حسابات، هەروەها تەلئەبیب پیلانێکی بۆ دابەش کردنی سووریا هەبوو.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، سووریا دابەشبوون قبووڵ ناکات و سویدا بەشێکی ڕەسەنی وڵاتەکەیە. هەروەها هەسەدە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەی کورد ناکات و بەرژەوەندی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و سویدا لەگەڵ دیمەشقە.
ئەحمەد شەرع باسی لەوەش کرد، جۆرێک لە پەکخستن هەیە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ هەسەدە، کە ۱۰ـی (ئازار/۳) لەنێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە و سەرۆکی کاتی سووریا واژۆ کرا.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، هەندێک لە سیاسەتەکانی ئیسرائیل "ئاماژەن بەوەی کە خەمبارن بە کەوتنی ڕژێمی پێشوو". هەروەها "دیمەشق بەدوای هێمنییەکی تەواودا دەگەڕێت لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان و دانوستاندن لەسەر ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل دەکرێت بۆ کشناوەیەک لە سووریا.
ناوبراو دەشڵێت: "ئیسرائیل دەیویست سووریا ببێتە گۆڕەپانی ململانێ لەگەڵ ئێران و یەکلاکردنەوەی ململانێکان، لەگەڵ ئەوەشدا پیلانێکی بۆ دابەش کردنی سووریا هەبوو".
شەرع ڕوونیشی کردەوە، هیچ دابڕانێکی هەمیشەیی لەگەڵ ئێران نییە. هەروەها پەیوەندییەکی پتەوی نێوان سووریا و ڕووسیای بۆ ماوەتەوە کە دەبێت بیپارێزن. لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییەکان لەگەڵ قاهیرە بەرەو باشبوون دەچن.
Your Comment