بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دەمانەوێت پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ ئەمریکا و کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا هەبێت.
ڕێبەر ئەحمەد جەختی کردەوە لەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ حکوومەتی ئەمریکادا هەیە و "حکوومەتی هەرێم دەیەوێت هاوبەشی بەردەوامی لەگەڵ ئەمریکادا هەبێت".
ناوبراو وتیشی: "دەمانەوێت هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکییەکان بکەین بۆ سەقامگیری ژێرخانمان و دەمانەوێت لە ڕووی تەکنەلۆژیاوە هاوبەشی بکەین، کە ئەو هاوبەشییە نەک تەنیا خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەڵکوو خەڵک و سامانی ئەمریکاش دەپارێزێت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن".
ڕێبەر ئەحمەد لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا وتیشی، هێشتا هەڕەشەی داعش لەناو نەوچووە و لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان چالاکن و هێزەکانمان بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمان بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعشدا.
وەزیری ناوخۆی هەرێم ڕاشیگەیاند: "بەردەوام کار دەکەین لە بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی کە هۆکارە بۆ ناسەقامگیری ئاسایشی ئابووریمان".
Your Comment